بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ قۆناغی کۆتایی خولی تۆپی پێی فێرگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاستی بێچووە شێران کە یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی کوردستان سەرپەرشتی دەکات. تیمی بێچووە شێرانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بۆ دوو یاری دۆستانەی ئامادەکاری ڕووی کردە شارۆچکەی #سەیدسادق# و شاری #هەڵەبجە# .
سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە #11-01-2024# و لەسەر یاریگەی یانەی سەیدسادق ، بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە بوونە میوانی بێچووە شێرانی فێرگەی یانەی سەیدسادق، لەو یارییەدا یاریزانانی پێشمەرگە توانیان بە ئاستێکی بەرز ببینرێن و بە ئەنجامی (3 -0) گۆڵ سەرکەوتوو بوون .
پاش ئەو یاریە و وەک ئامادەکاری زیاتری تیمەکە و ڕاهێنانیان لەسەر یاریگەکانی دەرەوەی شاری #سلێمانی# و یاریگەکانی تایبەت بە یانەی پێشمەرگە تیمەکە ڕووی کردە شاری هەڵەبجەی شەهید و لەسەر یاریگەی قوتابخانەی تۆپی پێی ئاسۆ و لە یارییەکی دۆستانەدا ڕووبەڕووی تیمی بێچووە شێرانی قوتابخانەی ناوبراو بوونەوە و ئەنجامی یارییەکەش لەبەرژەوەندی یانەی پێشمەرگە بە (1 -6) گۆڵ کۆتایی هات.
سەبارەت بە ئەنجام دانی یارییە دۆستانەکانیان (فەرمان ئەحمەد) سەرپەرشتیاری هونەری فێرگەی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە تایبەت بە پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیمەکەمان بەردەوامە لە یەکە مەشقییەکان و بە شێوەیەکی زۆر باش ئامادەکاری بۆ قۆناغی کۆتایی خولی تۆپی پێی فێرگەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە تایبەتە بە تەمەن 2010 .
فەرمان وتیشی، وەک ئامادەکاری زیاتر و بەرز کردنەوەی ئاستیان تیمەکەمان ڕووی کردە شارۆچکەی سەیدسادق و شاری هەڵەبجە و لە ماوەی یەک ڕۆژدا دوو یاری دۆستانەی ئامادەکاریمان ئەنجام دا کە خۆشبەختانە توانیمان لە هەردوو یارییەکەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنین.
دواجار فەرمان وتی، ئامادەکاریی تیمی بێچووە شێرانی یانەی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت تا وادەی دەستپێکی قۆناغی کۆتایی یارییەکانی خولی کوردستان کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە شاری #هەولێر# کۆبوونەوەی هونەری ئەو قۆناغە ئەنجام بدرێت.
[1]