سڵاو لە #هەولێر#ی هۆلاکۆبەزێن و هەموو کوردێکی خۆڕاگر
هێرشی ترسنۆکانەی دوور لەهەموو یاسا و ئەخلاقی سیاسیی و نێودەوڵەتیی و ئاینیی وڵاتێکی دراوسێی هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانە دەکەم. ئەگەر ئەوان خەیاڵی ئەوە دەکەن بە هێرش و پەلاماری ترسنۆکانە، بەبیانووی نائەخلاقی و بێبنەما، بیانەوێت ئیرادەی گەلەکەمان بڕووخێنن، ئەوا گرەوی شکستخواردووی چەند ڕژێمی ناوچەکە شایەدی ئەوەن گەلەکەمان تا دوادڵۆپی خوێن لە خەبات بەردەوام بووەو دەبێت، دوژمنانیش شوێنیان زبڵدانی مێژووە. گەلەکەمان هەزاران شەهیدی داوە، بەڵام هەرگیز لە خەباتی کوردایەتی کۆڵنادەین.
ئەگەر بەرپرسانێکی بەویژدان لەناو حکومەتی عێراقدا هەن، ئەوا پێیاندەڵێم سەرکردایەتی سیاسیی عێراق ئاگاداربکەنەوە کە چیتر بەم بێڕەوشتییە حکومڕانی عێراق ناکرێت.
هەموومان باش لەو یارییە تێدەگەین کە هەندێ هێزی سیاسیی و ئەمنیی عێراق پشتیوانیی جموجوڵی هەندێ گروپی مافیای تیرۆریستیی داواکراوی نێودەوڵەتی دەکەن و لەژێر چەتری حکومەتی عێراق و دامودەزگاکانیدا هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە فەرمییەکان و ناوچە مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان. دەبێت وڵاتانی دراوسێ و بەرپرسانی ئێستای حکومەتی عێراق وانەیەک لە مێژووی شکستخواردووی ڕژێمی پێشوو وەربگرن.
سەرکردایەتی سیاسیی و مەزهەبی عێراق و وڵاتانی دراوسێ ئاگاداردەکەینەوە، با بەوە تێنەکەون کە هەندێ کەس لەناوخۆی هەرێمەوە دەستیان لەگەڵدا تێکەڵ بکەن، ئەو کەمینەیە هەرگیز نوێنەرایەتی میللەتی کورد و ئیرادەکەی ناکەن. گومانی تێدانیە، چارەنووسی ئەوانەی خیانەت لە میللەتی خۆیان دەکەن، سەرشۆڕی و زبڵدانی مێژووە.
باوڵاتانی دراوسێی هەرێم چیتر پەتی ئارامیی گەلی کورد تاقینەکەنەوە. چاومان لەسەریانە و باش دەزانین خەریکی چین.
پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدانی هێرشەکەی هەولێر دەکەم. خوای گەورە سەبووری کەسوکاریان بدات و شیفای بریندارانیش بدات.[1]
#ئەژی ئەمین#
16ی کانوونی دووەمی 2024
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=