پارێزگاری #هەولێر#، ئاگادارییەکی بۆ خەڵکی هەولێر بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت: ژمارەیەک هاووڵاتیی شارەکەمان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی سەر هەولێر، داوایان کردووە خۆپیشاندان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە #16-01-2024#، #ئومێد خۆشناو#، پارێزگاری هەولێر، ئاگادارییەکی بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە: لەپێناو ئیدانەکردن و شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە ناڕەوایەی دوێنێ شەو #15-01-2024#ی سەر هەولێری هەمیشە سەربەرز و کردەوە تیرۆریستییەکانی پێشووتریش، ئەمڕۆ ژمارەیەک هاووڵاتیی شارەکەمان داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان کردووە و بڕیارە کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ 16-01-2024، گەورە و بچووک و چین و توێژەکان، بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت و ڕیسواکردنی بکەرانی ئەو تاوانە، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر شەقامی 100 مەتری گردبوونەوەی جەماوەری بکەن و مۆڵەتیان پێدراوە، ئێمەش پشتیووانیان لێ دەکەین و لەگەڵیان دەبین.
ئومێد خۆشناو دەشڵێت: داوا لە جەماوەری هەمیشە سەربەرزی هەولێر و دەووربەری دەکەین، بۆ گەیاندنی دەنگی هەولێر و پڕۆتستۆکردنی ئەو تاوانە، بەشداریی فراوان بکەن.
پارێزگاری هەولێر دروود بۆ ڕۆحی شەهیدان دەنێرێت و هیوای سەلامەتی بۆ برینداران دەخوازێت و دەڵێت: هەولێر هەولێرە و نابەزێ و ناترسێ و ناهەژێ.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر بڵاو کردەوە، تێیدا هاتبوو: کاتژمێر 11:30ی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردومان کرد، بەداخەوە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندرووستیی هەندێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
ئەوەش خرابووە ڕوو: سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشە بۆ سەر چەند پێگەیەکی گرووپە دژبەرەکانی ئێران بووە، ئەم بیانووە بێ بنەمایە و ڕەتی دەکەینەوە، بەداخەوە هەمیشە بیانووی بێ بنەما بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر بەکار دێنن و هەولێر وەک دەڤەرێکی سەقامگیر هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەنێک.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە: ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی هەرێمی کوردستان و ئێراقە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانە بێدەنگ نەبن. [1]