فراکسیۆنی پارتی لە پەڕڵەمانی ئێراق، داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەڕڵەمان بۆ تاوتوێکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر #هەولێر# دەکات و دەڵێت: بۆ هەموو لایەک ڕوونبووەوە، ئامانجی ئێران تێکدانی سەقامگیری ئێراق و کوردستانە.
ئەمڕۆ سێشەممە، #16-01-2024#، فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پەڕڵەمانی ئێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردوو #15-01-2024#ی سوپای پاسدرانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد و، داواش دەکات پەڕڵەمانی ئێراق دانیشتنێکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکە ببەستێت.
بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکە بالیستییەی کرایە سەر شوێنێکی سڤیلنشینی هەولێر، ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهیدبوون و بەشێکی دیکەشیان برینداربوون کە برینیان سەختە.
فراکسیۆنی پارتی لە پەڕڵەمانی ئێراق داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە سەرکۆنەکردن و پاراستنی ئاساییش و سەقامگیری ئێراق و، گرتنەبەری ڕێگەچارەی یاسایی و دیپلۆماسی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دوژمنکارییە. هاوکات داواش دەکات ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسمانی ئێراق لە مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە ڕێگەی دانانی سیستەمی دژە مووشەک.
پارتی داوا لەلایەنە سیاسییەکانی ئێراق دەکات هاوهەڵوێست بن لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە بەردەوامەنەی دەکرێنە سەر هەولێر و ئاساییش و سەروەری ئێراق پێشێل دەکەن. ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ هەموو لایەک ڕوونبووەوە، ئامانجی هێرشەکانی ئێران، پێشێلکردنی سەروەری، تێکدانی ئاساییشی و سەقامگیری ئێراق و هەرێمی کوردستانە و، هەوڵدانە بۆ تۆقاندنی خەڵکەکەی.
فراکسیۆنەکە داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئەنجوومەنی ئاساییش دەکات هەڵوێستێکی جددییان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئێراق و ناوچەکە بە گشتی و بێ دەنگ نەمێنن. [1]