دیار کوردە
ئانا پاولینا، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بە ڕووداوی ڕاگەیاند، پشتیووانی هێزەکانیان لە دەرەوەی وڵات دەکەن و دەشڵێت، پێویستە ئەمریکا دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا بنێت.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا بە دیار کوردە، پەیامنێری ڕووداو لە واشنتنی گوت، لەبەر ئەوەی کورد پشتیوانمان بوون، پێویستە شتێک بڵێین. بێدەنگبوونمان کێشەیە. من پشتیووانی لە گەڕاندنەوەی هێزەکانمان دەکەم، بەڵام بەڵێنێکمان بە کورد داوە و پێویستە کارەکە بە شێوەیەکی درووست بکەین.
ئانا پاوڵینا، ئەندامێکی پارتی کۆمارییە لە کۆنگرێسی ئەمریکا. ئەو قسانەی لەکاتێکدا کرد کە شەوی 15 لەسەر 16ی ئەم مانگە، ئێران بە مووشەک هێرشیکردە سەر هەولێر و کوژرا و و برینداری لێکەوتەوە.
ئانا پاوڵینا بە دەق وتی، ئێمە پشتیووانی لە هێزەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەکەین. هەروەها پێم وایە دەبێت ئەمریکا پابەندبێت بە ڕێککەوتنەکەمانەوە و وەک وڵاتێکی سەربەخۆ دان بە نەتەوەی کورددا بنێت. دەزانم کە زۆر ڕاڕایی لەسەر ئەوە هەبووە. بەڵام لەبەر ئەو شتانەی لەوێ ڕوویانداوە، بە تایبەتیی کە کورد زۆر پشتیووانی لە ئەمریکا کردووە، دەبێت ئێمە شتێک بڵێین. پێویستە شتێک بڵێین، چونکە بێدەنگبوونمان کێشەیە. ئێمە خۆشمان کێشەمان لەگەڵ ئیران هەیە. ئەوەی ئێستاش دەیبینین بریتییە لە درووستبوونی لەتبوونێکی گەورە لەنێو پارتەکەماندا لەسەر ئەوەی کە پێویستە هێزەکانمان بگەڕێنینەوە و سەرنجمان لەسەر پرسە نێوخۆییەکانمان بێت. من پشتیووانی ئەوەم کردووە، بەڵام دووبارە پێزانینمان هەیە بۆ هەموو ئەو شتانەی کە کوردەکان دەیکەن. من بە گشتی پشتیووانی لە گەڕاندنەوەی هێزەکانمان دەکەم، بەڵام ئێمە بەڵێنێکمان بە کورد داوە و پێم وایە دەبێت کارەکە بە شێوەیەکی درووست بکەین.
لە هێرشەکەی سەر هەولێر، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون. یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستدا بازرگانێکی ناسراو بوو بەناوی پێشڕەو دزەیی.
لای ڕاستەوە دۆناڵد بایەر، ئەندامی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێس، ئانا پاولینا، ئەندامی پارتی کۆماری لە کۆنگرێس و دێریک ڤان ئۆردن، ئەندامی پارتی کۆماری لە کۆنگرێس.
ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی ئەو هێرشەوە دەڵێت: شانبەشانی کوردەکان دەوەستنەوە.
دێریک ڤان ئۆردن، ئەندامی کۆماریی کۆنگرێس بە ڕووداوی گوت، پێم وایە ئەوە زۆر خراپە. بەڕێز بارزانی و کوردەکان ماوەیەکی زۆرە هاوپەیمانمانن و هاوپەیمانی سەرسەختیش بوون. زۆر سەربەرزم بەوەی کاتێک لە ئێراق لە هێزی دەریاییدا بووم، لەگەڵ ئەوان خزمەتم کرد. پێویستە خەڵکی کورد لەوە تێبگات کە ئێمە شانبەشانیان دەوەستینەوە و زۆر سوپاسی هاوکارییان دەکەین. زۆر سوپاسگوزاریانم لە بەرانبەر ئاگاداربوونیان لە خوشک و برایانم لەنێو سوپادا. ئێمەش لەگەڵیان دەمێنینەوە دژی ئەو ڕژێمە تیرۆریستییەی لە تارانە، واتە ئێران.
ئێران هێرشەکانی بە مووشەکی دوورهاوێژ کرد، ئەو شەوە 11 مووشەکی بە ئاڕاستەی هەولێر تەقاند، جگە لە ماڵی بازرگانەکە، بەر چەند شوێنێکی دیکەش کەوتبوون، بەڵام لەو شوێنانە زیانی گیانییان بەدواوە نەبوو.
دۆناڵد بایەر، ئەندامی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێس لەبارەی ئێرانەوە دەڵێت: ئێران خەریکی تێکدەرییە لە سەرانسەری جیهان.
ئەو بە دەق وتی، پێم وایە شتێکی زۆر خراپە کە ئێرانییەکان هێرش دەکەنە سەر کورد، ئینجا ئەوانەی لە ئێراق دەژین یان هەر شوێنێکی دیکە. هێزە کوردییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ هاوبەشی نایابی ئەمریکا بوون. بێگومان ئەوان زۆر گرنگ بوون لە شەڕی دژی داعش، بەڵام ئێران خەریکی تێکدەرییە لە سەرانسەری جیهان، لەگەڵ حەماس، حیزبوڵڵا و حووسییەکانیش لە یەمەن. زۆر دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خەڵکی کورد.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس چاوی کەوت بە هەریەک لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەیک سوڵیڤان، ڕاویژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا.
دوێنێ سێشەممە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی، لە داڤۆس، مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەتەوە. نووسینگەی مەسرور بارزانی باسی لەوە کردبوو، بلینکن لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە ڕایگەیاندووە، ئەمریکا و سەرۆک جۆ بایدن ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بە جیدی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاساییش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەدەن.
هەروەها بەپێی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی پشتیووانی بۆ هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن، تاوتوێی ڕێکارەکانی پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان دەکات.[1]