ناونیشانی بابەت: باشترین ڕێگا بۆ دیاریکردنی تەمەنی کۆرپە چییە؟
ناوی نووسەر: د. #کەژان کاوە تەها#
کۆمەڵیک شێواز هەیە بۆ دیاریکردنی تەمەنی کۆرپە، کۆنترینان بریتییە لەوەی کە پشت ببەستین بە یەکەم ڕۆژی کۆتا سووڕی مانگانەی خانمەکە بەوەی 9 مانگ و 7 ڕۆژ بخەینە سەر ئەم بەروارە ، لەمەوە ڕێکەوتی پێشبینیکراوی لەدایکبوونی کۆرپەکەمان دەستدەکەوێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشێک لە خانمان بەتەواوی ڕێکەوتی کۆتا سووڕی مانگانەیان بیر نامێنێت یاخود سووڕەکانیان ناڕێکە ئەمەش وادەکات نەتوانین بەتەواوەتی پشتی پێ ببەستین و زۆرجار جیاوازی هەیە لەنێوان تەمەنی کۆرپە بەپێی کۆتا سووڕی مانگانە و بەپێی سۆنار .
بۆیە پێویستمان بە پشتبەستن بە سۆنار هەیە ، بەتایبەتیی سۆناری 11 هەفتە بۆ 13 هەفتە کە بە وردترین و باشترین کات دائەنرێت بۆ دیاریکردنی تەمەنی کۆرپە .
زۆر گرنگە کە هەموو خانمێکی دووگیان لەم کاتەیا سۆناری هەبێت و لە کۆتایی دووگیانییەکە دەتوانین لە ڕێگەیەوە بەوردی تەمەنی کۆرپەکە دیاری بکەین بەتایبەت بۆ ئەوانەی کە پێویستە لە ڕێگەی نەشتەرگەری منداڵیان ببێت بۆ ئەوەی دڵنیابین کە تەمەنی کۆرپەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە. [1]