ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێککەوتی، #22-06-2023#، #فازڵ میرانى# بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسى، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، پێشوازى لە ڕۆمیو هەکارى سکرتیرى حزبى بێت نەهرێنى دیموکراتى و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا کە #هۆشیار زێبارى# و سیداد بارزانى و مەحمود محەمەد ئەندامانى دەستەى کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، فازڵ میرانى وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان، خۆشحاڵی خۆى بۆ دیدارەکە دەربڕی، هاوکات باسی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى نێوان هەردوولا و چۆنییەتى پتەوترکردنى پەیوەندییەکانیان کرد و، تیشکی خستەسەر پێکەوەژیانى ئاشتیانە لە هەرێمى کوردستان، کە لەسەر بنەماى ڕێز لە یەکتر گرتن و پاراستنى ماف و تایبەتمەندییەکانى هەر لایەک.
فازڵ میرانى جەختى لەسەر پاڵپشتى و ویستی پارتى کردەوە، کە گرینگترین پێویستى ئێستا، ڕێکخستنى ناو ماڵی کوردە، بۆ ئەوەش پێکەوە کارکردن لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بە گیانێکى برایانە و تەبایى فاکتەرى سەرەکى پاراستنى هەرێمى کوردستانە، کە پێگەى کورد لە ناوخۆ و دەرەوەش دەپارێزێت.
ئەو دووپاتیشی کردەوە، کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێز و لایەنەکانى هەرێمى کوردستان بکەینە بنەماى کارکردن لەپێناو پاراستنى ئاشتى و پێکەوەژیانى نێوان سەرجەم پێکهاتەکان، تا بتوانین خزمەتگوزارییەکی شایستەتر و داهاتوویەکى سەقامگیرتر بۆ خەڵکى کوردستان دەستەبەر بکەین.
لاى خۆیەوە ڕۆمیو هەکارى سکرتێرى حزبى بێت نەهرێن، سوپاسى مەکتەبى سیاسى پارتى کرد بۆ ئەم پێشوازییە و، جەختی لەسەر زیاتر پتەوترکردنى پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە، کە خزمەتی پێکەوەژیان لە هەرێمى کوردستان دەکات و، بە تایبەتیی بەڕێز #مەسعود بارزانی# و #پارتى دیموکراتى کوردستان#، کە هەمیشە خوازیارى پێکەوەژیانی ئاشتیانەن و، هەردەم پاڵپشتى پێکهاتەکانن.
جێی باسە، دوا پێشهاتەکانى هەرێمى کوردستان و ئێراق و ناوچەکە بە گشتى و، پڕۆسەى هەڵبژاردنى کوردستان کە گرینگە ئەنجام بدرێت و، مافى پێکهاتەکانى کوردستان و چەند پرسێکى دیکەی جێی بایەخى هاوبەش بوون، تەوەرێکى دیکەی دیدارەکە بوون. [1]