وڵاتی خەم
دوا دیداری ڕۆژهەڵاتنم
ئازار و ژان بوو خەڵاتم
شاری دەرد و، وڵاتی خەم
کوچە و بازاڕ، شەقام ماتەم
ساردیی مرۆڤ، ژیان ئەستەم
گیرفان بەتاڵ، حاکم بێ خەم
شێرپەنجەی دڵ، بە بێ مەرهەم
خەزانی عەشق، گریانی شەم
زووخاوی دڵ، شەرابی سەم
بۆکڕووزی هەناو هەر دەم
شکۆی ژنان، شکا بە جەم
گەنجان پیر و پیران بێ ژەم
لوورەی گورگە و جەستەی ئادەم
تەمتومانی تاماری تەم
ئاسەواری زوڵم و ستەم
جەرگم خوێنە و نزا دەکەم
دایم هەست بە سزا دەکەم
پڕ بە گەرووم هاواردەکەم
کە تۆم هەیە و کە منت هەم
بۆ بێ کەسیی وڵاتەکەم
#2018-01-15#
دیوانی: #پێکەنین بەتامی گریان#
هۆزانەوان: #نەسرین تەنیا# [1]