بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا کرد، لە دانیشتنەکەیاندا، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دا کە سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی کوردستانیان بەلاوە گرنگە.
ئەمڕۆ #21-02-2023#، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، #فازڵ میرانی#، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا، ڕۆزی کەیڤ و شاندی یاوەری کرد.
لە دانیشتنێکدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانیان، فازڵ میرانی پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ڕۆزی کەیڤ کرد، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتیی بەریتانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا بەو ئومێدەی کە بتوانێت ڕۆڵی خۆی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا ببینێت و ئامادەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەربڕی بۆ هەرجۆرە هاوکارییەک.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، سوپاسی دەیڤید هەنت، کونسوڵی گشتیی پێشووی بەریتانیای کرد بە بۆنەی کارەکانییەوە.
دواتر دواین پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و #بەغدا# پرسی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا تەوەرێکی تری دیدارەکە بوون.
هەر لە دیدارەکەدا ڕۆزی کەیڤ سوپاسی مەکتەبی سیاسیی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی لێیان کراوە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئێراق بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە. [1]