ژنێک هەیە
ماڵی لە تەنیشت ماڵی فرمێسکە
خزمی گڕی گومان و
گڕکانی ترس و
دۆزەخی مەرگە.
ئەگەر بیەوێ بڕوا
کەس نازانێ بۆ کوێ ئەڕوا
کەس نازانێ لە کوێوە هاتووە و
کەس نازانێ چەندیش لێرە ئەمێنێتەوە
کە داوا ئەکا، یا هیچی ناوێ یاخود هەموو
ئەتوانێ بە لێوی داخراو بدوێ
ئەتوانێ باڵ ببەخشێ و باڵەکان ببڕێ
ئەتوانێ لە بەرد، هەست و شیعر داتاشێ
ئەتوانێ تێرڤین یا تێرشین یا گێژتان بکا..
ئەوە منم
ئەوە منم، وەهێمکم
لەنێو حەقیقەتی پڕ لە وەهمی ئێوەدا،
پیتەکانم لە چاوەکانتان هەڵئەکۆڵم و
ڕۆژێ لە ڕۆژانیش ئەبمە سەراب،
ئەبمە هەوا،
ئەبمە بۆشایی و
ئەبمەوە هیچ و
بێ ئاوڕدانەوە، ون ئەبم،
بەڵام بۆ تاهەتا لە ژێر پڵوەکانتان
وەک پشکۆ
وەک برووسک
وەک مانگ و خۆر ئەمێنمەوە.
هۆزانەوان: #ساکار نەجم#
[1]