سەرۆکی فراکسیۆنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە پەڕڵەمانی ئێراق وتی: پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەڕڵەمانی ئێراق کێشەی یاسایی ھەیە و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمارکراوە، بۆیە پێویستە دادگا ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، دواتر پەڕڵەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەڕڵەمانی ئێراق کۆببێتەوە.
د. #ڤیان سەبری#، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕڵەمانی ئێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێراق کێشەی یاسایی ھەیە و پێویستە دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، چونکە سکاڵا لەلایەن چەند پەڕڵەمانتارێک لەسەر کاندیدکردنی شەعلان کەریم ھەیە کە یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیگرێتەوە، جگە لەوەش سکاڵا لەلایەن حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمە حەلبوسی ھەیە، کۆبوونەوەی ڕابردووی پەڕڵەمانی ئێراق لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەڕڵەمان یاسایی نییە و کێشەی ھەیە و ھیچ شەرعیەتی نییە کە نەیتوانی سەرۆکی پەڕڵەمان ھەڵبژێرێت و کۆبوونەوەی پەڕڵەمان تەواو بکرێت، جگە لەوانەش لیژنەی لێکۆڵینەوە لەلایەن پەڕڵەمانی ئێراقەوە پێکهاتووە و دەستەی نەزاھە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکرێت ھەندێک پەڕڵەمانتار پارەیان وەرگرتووە لە ڕۆژی دەنگدان بە کاندیدی سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێراق، پێویستە ئەم سێ خاڵە یەکلایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەڕڵەمان لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەڕڵەمان کۆببێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕڵەمانی ئێراق، ڕوونیشیکردەوە: پێویستە دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە ئەو کات پەڕڵەمان جارێکی دیکە لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەڕڵەمان کۆببێتەوە، ھەر کاتێک ئەو پرسە یەکلایی کرایەوە ئەوکات پەڕڵەمان کۆدەبێتەوە تا کۆبوونەوەی ڕابردووی تەواوبکات یاخود جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمان بکرێتەوە و کەسانی نوێ خۆیان ھەڵبژێرن، ئەمەش دادگا بڕیاری لەسەر دەدات.
وتیشی: ئێمە پێمان باشە ئەو پرسە زوو یەکلایی بکرێتەوە و تەوافق ھەبێت و سەرۆکی نوێی پەڕڵەمان ھەڵبژێرن. [1]