قایمقامی شارۆچکەی #شێخان# لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی فراوانی خەڵکی شارۆچکەی شێخان بۆ ئیدانەکردنی ھێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە: نەیارەکانی ئێمە دەیانەوێت لە ڕێگەی مووشەکەوە ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان تێکبدەن و ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی ھەرێمی کوردستان بکەن.
قایمقامی شارۆچکەی شێخان، سەردار شێخ یەحیا، لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی شێخان بۆ ئیدانەکردنی ھێرشی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان وتی: مێژوو ئەوەی سەلماندووە چەند دوژمن زیاتر دژایەتی گەلی کورد بکات کورد زیاتر بەھێز دەبێت و بەردەوام ڕووبەڕووی پیلانی دوژمنەکانمان دەبینەوە، ھەر بۆیە نەیارەکانی ئێمە دەیانەوێت لە ڕێگەی مووشەکەوە ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان تێکبدەن و ڕێگری بکەن لە پێشوەچوونی ھەرێمی کوردستان.
سەردار شێخ یەحیا وتیشی: شێخان مەڵبەندی پێکەوەژیانە و سەربەرزین بە پشتیووانی ئێوە و ئاڵای کوردستان، ئێوە خاوەن شەھید و خۆڕابگرن و سەلماندووتانە ھەمیشە پشتیووانی کوردستان و ئاڵای کوردستانن، بۆیە بە ناوی ئیدارەی خۆجێیی شێخان و #حکومەتی ھەرێمی کوردستان#، بەتایبەت ئیدارەی پارێزگای #دھۆک# داواکاری و ئیدانەکردنی ئێوە لە نوێنەرانی ھەموو پێکھاتەکانی سنووری شارۆچکەی شێخان بە موسڵمان و ئێزدی و کریستیانییەوە بە فەرمی وەردەگرین، مایەی شانازییە ئێستا ئێوە سەرەڕای نالەباری کەشوھەوا ھاتوون لێرە ئامادەبوون بۆ بەرگیکردن لە خاکی کوردستان.
ئەمڕۆ لە شارۆچکەی شێخان بە بەشداری ھەموو پێکھاتە و چین و توێژەکانی شارۆچکەکە خۆپیشاندانێکی فراوان سازکرا بۆ ئیدانەکردنی ھێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان. [1]