ئەمڕۆ #16-08-2022# لە بارەگای مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە #پیرمام#، #فازڵ میرانی# سکرتێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە هەریەکە لە بەتریارکی کاردیناڵ (لویس ساکو) بەتریارکی کەنیسەی کلدانی لە ئێراق و جیهان و، متران بشار وەردە سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشەی #هەولێر#ی کلدانی کرد.
لە دانیشتنەکەدا فازڵ میرانی سکرتێتی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەگەرمی بەخێرهاتنیانی کرد و پوختەیەک لەسەر ڕەوشی ئێراق و کوردستانی خستەڕوو و، هەروەها تیشکی خستە سەر خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە درووشمەکانی هەرە سەرەکی پارتی، پتەوکردنی پێکەوەژیانی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بووە، میرانی دووپاتی کردەوە، کە ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە، جێگای سەرفرازییە بۆ هەموومان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەربەرزە بە خەباتی خۆی و دەستکەوتەکانی، هەروەها دانپێدانان بە هەڵەکان لە پرنسیپەکانە لەناو پارتی داو ئەمە میراتێکە، کە لە بارزانی باوک بۆمان ماوەتەوە.
هەروەها میرانی دووپاتیکرد، کە هەر لە دامەزراندنی پارتی درووشمەکانی کردووەتە ئەمری واقع و جێبەجێی کردووە و، لێکۆڵینەوە لە مێژوودا بۆ دۆزینەوەی سەرکەوتنەکان و دەستکەوتەکان زۆر گرنگە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە کەموکووڕییەکان لەوە کەمتر نییە.
لەلای خۆیەوە، بەتریارکی کاردیناڵ (لویس ساکو) بەتریارکی کەنیسەی کلدانی لە ئێراق و جیهان، سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کراو، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی سەرکردایەتی و کادیران و لایەنگرانی پارتی کرد بە بۆنەی 76ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی و ڕۆڵی پارتی هەر لە دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ لە پاراستنی پێکهاتەکان و پتەوکردنی دامەزراندنی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستانی بە بەرزی نرخاند و هیوای خواست، کوردستان هەر لە پێشکەوتندا بێت. [1]