ناو: عەلی
نازناو: عەلی عومەر خەتات
ناوی باوک: عومەر محەمەد
ساڵی لەدایکبوون: 1939
ڕۆژی کۆچی دوایی: #29-06-2012#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
عەلی عومەر محەمەد، ناسراو بە عەلی عومەر خەتات، ساڵی (1939) لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بووە،
ساڵی (1946) چووەتە قوتابخانەی (ئەیوبییە) لە سلێمانی، کە ئەو کات مامۆستا (عەزیز میرزا ساڵح) بەڕێوەبەربووە، و (بەهجەت سەعید کابان) لەو مامۆستایانە بووە کە وانەیان پێوتووە.
قۆناغی ناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی (1960) خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە. بۆماوەی (45) ساڵ وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی (خاوێ، ئەمین زەکی بەگ، نەورۆز) خزمەتی کردووە.
مامۆستا عەلی، لە خوێندنی سەرەتاییەوە خولیای خۆشنووسی هەبووە، بەهۆی کاریگەریی مامۆستا (سەید موحسین خەتات) کە مامۆستای بووە.
عەلی محەمەد خەتات بایەخێکی زۆری بە ڕاهێنانی خەتخۆشی خۆی داوە لە ڕێگەی ئەو کوراسەیەوە، بەو شێوەیە خولیای خۆشنووسی دەبێت و بەبێ ئەوەی هیچ پەیمانگایەکی تایبەت تەواو بکات دەبێتە خۆشنووسێکی خۆڕسک، بەبێ پێشینەیەکی ئەکادیمی و ستاتیکی تایبەت.
لەو قوتابخانانەی خزمەتی تێدا کردووە (گەلەری) درووستکردووە، کاری هونەری خۆی و قوتابییەکانی تێدا نمایش کردووە، لەوانە گەلەری قوتابخانەی (نەورۆز) کە ساڵانە لە پێشبڕکێی پێشانگاکاندا پلەی یەکەم یان دووەمیان بەدەست هێناوە. سەرەتای بەرهەمی دوو لەوحە بووە کە لە چایخانەکەی باوکی هەڵیواسیون، کە هەردووکیان ئایەتی قورئانی بوون.
دوای چەند ساڵێک بە هاوبەشی لەگەڵ (لەتیف حەمدی) یەکەم دووکانی خۆشنووسی لە شەقامی کاوە دەکەنەوە بەناوی (خۆشنووسی هونەر) دواتر بە تەنیا خۆی بەڕێوەی دەبات.
لەنێوان ساڵەکانی (1965 -1966) دەکەوێتە بەر شاڵاوی ڕەشگیری ڕژێمی حوکومڕانی ئەوسا حوکومەتی #بەعس# و بۆ ماوەیەک زیندانی دەکرێت.
ساڵی (1968) کە زانکۆی سلێمانی دادەمەزرێت، پێشبڕکێیەک ڕادەگەیەنرێت بۆ نەخشاندنی لۆگۆیەک بۆ زانکۆ، مامۆستا عەلی عومەر بە لۆگۆیەک بەشداری دەکات و لە ئەنجامدا لیژنەی ئامادەکار لۆگۆکەی مامۆستا عەلی پەسەند دەکات و دەبێتە یەکەمین لۆگۆی #زانکۆی سلێمانی#، و بڕی (50) دیناری ئەو کاتە وەک خەڵات وەردەگرێت و هەر ئەو کاتە زۆربەی خەڵاتەکە وەک شیرینی دەبەخشێتەوە فەرمانبەران و کارمەندانی زانکۆ. وەک بەرزڕاگرتنی ئەو ڕاستییە مێژووییەی زانکۆی دایک، لە ڕێکەوتی #28-11-2018# و بە بۆنەی یادی یۆبیلی زێڕینی زانکۆی سلێمانییەوە، لە مەراسیمێکی پڕشکۆ و شایستەدا خەڵاتی زانکۆ لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە بەخشرایە خانەوادەکەی.
بە خۆشنووسەکانی جیلی یەکەم لە سلێمانی دائەنرێت و بۆماوەی (25) ساڵ زۆربەی تابلۆی دووکان و شوێنکار و ناوی مزگەوت و ئوتێل و شوێنە گشتییەکان بە دەست و قەڵەمی ئەو نووسراون.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، مامۆستا عەلی خەمخۆری هاوڕێ و خزمانی بوو، هەمیشە بە قسەی خۆش و نووکتە و گێڕانەوەی بەسەرهات دڵخۆشی دەبەخشییە هەر دانیشتنێک کە دەبووە میوانی. عاشقی گوند و شار و دەشت و کۆساری کوردستان بوو، حەزی بە گەشت و گەڕان و سەردان و بەسەرکردنەوە هەبوو. تامەزرۆی خواردنی کوردەواری و نانی هەورامی و بەرهەمی خۆماڵی بوو، بەبێ دەست و دیاری سەردانی هیچ کەسێکی نەدەکرد، لەگەڵ منداڵ یەکجار میهرەبان و بەسۆز بوو، ناو ئۆتۆمبیل و گیرفان و زەرفی دەستی پڕ بوو لە شیرینی و چوکلێت و نوقول و دڵی منداڵانی پێ خۆش دەکرد، سەردانی هەر ماڵێکی بکردایە بۆ منداڵەکان دەبووە جەژن. کە دەتبینی سەرتی بەسنگییەوە دەنووساند، بۆنی خۆشی جلەکانی و سۆزی دڵە گەورەکەی مەستی دەکردیت. وێردی سەر زووبانی هەر قوربانی قوربانی بوو، لە کڕینی یاری و کەرەستەی خوێندن و بەخشینی بە منداڵان هاوتای نەبوو. هانی دەدان خەتیان خۆش بێت و ڕێنمایی دەکردن کە پێویستە ژێری پیتەکان لەسەر هێڵی دەفتەرەکە بێت، بەدەستی خۆی چەند دێڕێکی بۆ دەنووسین و پێی دەوتن ئێوەش هەمان ئەو دێرانە وەک من لەژێرییەوە بنوو #سنە#وە.
ساڵی (1965) هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ مامۆستا (ئەختەر سەعید ڕەشید) خاوەنی دوو کوڕ و کچێکن بە ناوەکانی (هونەر، نەورۆز ، سارا)
مامۆستا عەلی دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا، ڕۆژی 29-06-2012 کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.
ئامادەکردن: د. دانا محەمەد باقی. [1]