#قادر نادر# چالاکوانی کورد لە وڵاتی سوید کەهاوکات بەرپرسی لقی سویدی ڕێکخراوی حەڤدەی شوباتە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین دەڵێت” لەسەر کەیسی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی زیندانی کراوانی بادینان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی سوید بۆ یەکەمجار دێتە ناو پەڕڵەمانی سوید، دەشڵێت” لە هەوڵی ئەوەداین کاتێک پاپا سەردانی ئێراق و کوردستانی کرد لەسەر کەیسی زیندانی کراوانی بادینان ئاگاداری بکەینەوە”
“کەیسی زیندانی کراوانی بادینان دەبرێتە ناو پەڕڵەمانی سوید”
لەسەرەتای وتوێژەکەدا قادر نادر وتی”دیارە مێژووی ئەو دۆسییە هەر ئەمڕۆ نییە درێژکراوەی شەش مانگ لەمەوبەرە هەمان ئەو دۆسییە بووە ئێمە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بواری ڕۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ، وە دژ بەئەشکەنجەدان هەر سێ بوار چونکە هەر ڕێکخراوێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، وە ئێستاش لەسەر هێڵین لەپەڕڵەمانی سوید لەسەر هێڵین، وە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی سوید بۆ یەکەمجار دێتە ناو پەڕڵەمانی سوید پەڕڵەمانتار ئامینە کاکە باوە کۆمەڵێک پرسیاری لێدەکات وەیەکەمجارە وەزیرێکی دەرەوەی ئەوروپی دێت لەسەر مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان قسە و باس دەکرێت.”
“لە هەوڵی ئەوەداین کاتێک پاپا سەردانی ئێراق و کوردستانی کرد لەسەر کەیسی زیندانی کراوانی بادینان ئاگاداری بکەینەوە”
ئەو چالاکوانە ڕوونیکردەوە” لەسەربابەتی ئەو پێنج شەش ڕۆژنامەنووسە و چالاکوانەیە لەسەرماددەی 156 کە وەکوو مەترسیەک باس کراوە هەروەها لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە لە هەرێمی کوردستان کەهەرێمی کوردستان خۆی قوربانی سیستەمێکی دیکتاتۆری بوو ئێستا هەمان هەنگاو دەنێت هەمان ئەو نامەیەی ئامینە کاکە باوە من بڵاویشم کردەوە لەماڵپەری پەڕڵەمان بڵاوبووەتەوە بیست خولەک پەخشدەکرێت لەمیدیای سویدی لەکەناڵی 24 ی سویدی بە دۆکیومێنتیش دەکرێت کە ئابڕوچونێکی زۆر گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێم دیارە ئەگەر هەست بەبەرپرسیارییەتی بکات.”
قادر نادر ئەوەشی وت” ئێمە داوامان لەوەزارەتی دەرەوەی سوید کردووە بەپەلە پەیوەندی بکەین هەروەها نامە بۆ زۆر شوێن نێردراوە لەئێستاشدا هەوڵی گەورەمان بۆ ئەوەیە کە پاپا ئاگاداربکەینەوە 7-3 دێتە ئێراق و کوردستان پاپاش یەکێک لەمینبەرە باڵاکانی جیهانە کاریگەریی خۆی هەیە.”
“هەموو شتەکانمان وەرگێڕاوەتە سەر زمانە بیانیەکان و باسی هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی-شی تێدایە وەک ئامڕازێک بۆ دانپێدانان بەزۆر”
سەبارەت بە بۆچونی فەرمی حکومەتی سویدی، چالاکوانە کوردەکە دەڵێت” ئێمە دوامانکردووە لەگەڵیان دابنیشین هێشتا شتەکان تەواو نەبووە ڕۆتینیاتی ئەوروپا بەڕۆژێک و دوو ناکرێت و کات دادەنرێت بەڵام هێڵی گشتی هەمووی دڵنیام دژی زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانە، میدیای سویدیش پێرێ گەورەترین ڕۆژنامەی بەناوبانگی سویدی باسیکرد کە ئەوەش شکستێکی دیکەیە.”
قادر نادر ئەوەشی وت” ئەوە ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژووی هەرێمی کوردستان کە یەکەمجارە خەڵکێکی سیاسی سزا دەدرێت بەشەش ساڵ لەسەر کۆمەڵێک چات، هیچ بەڵگەیەک نییە دادوەر و پارێزەکان لەوێبوون لەوەش گرنگتر باس لەئابڕوچوونێکی زۆر گەورە کراوە ئێمە ئەو شتانە وەردەگێڕین بۆ سەر زمانە بیانیەکان بەشێکیشمان تەرجوومە کردووە کەهەوڵی دەستدرێژی سێکسی دراوە وەکوو ئامڕازێک لە ئیعتراف پێکردن، ئەشکەنجە دراون.”
“ئەوە کودەتا بوو بەسەر دادگادا “
بەبڕوای قادر نادری چالاکوانی دیاری مافەکانی مرۆڤ لەئەوروپا بڕیاری دادگا بۆ زیندانی کردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان کودەتابوو بەسەر دادگادا، لەو ڕوەوە دەڵێت” سەبارەت بەمەسەلەی دادگا ئەوە کودەتایە بەسەر دادگا ئێمە بەهیواین دادوەرەکان ڕێز لەپیشەکەی خۆیان بگرن وە ئەو ئەنجوومەنەی دادوەرییەی کە ئەو بەیاننامەیەی پێرێ-ی دەرکرد، ئەوەی ئێمە بزانیین ئەوە تەنیا ئەنجوومەنێکی ڕۆتینییە کە ئیشەکان بەڕێوەدەبات مافی نییە موداخەلە لەسەر ئەو کەیسانە بکات، خۆ ئەگەر ئەو مافەشی هەبێت دەبووایە یەکەم کەس بە “مەسرور بارزانی-سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان” بڵێت بڵێ بەچ سیفەتێک دێت تۆمەتێک لەجیاتی دادگا دەردەبڕێت.”
هەروەها وتی” شکستێکی زۆر گەورەیە، وە دەشبیننین چ هاوسۆزییەک لەگەڵ ئەو کەیسە هەیە هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی گرتووەتەوە هەر حکومەتێک ئەگەر شعوری هەبێت موراجەعەیەکی جددی خۆی دەکاتەوە من دڵنیام گۆڕانکاری ڕوودەدات لەکەیسەکە لە دادگای پێداچوونەوە.”
دەربارەی بۆچونی ئەو لایەن و ناوەند و ڕێکخراوە ئەوروپیانەی وەک چالاکوانەکان لەگەڵیاندا دانیشتوون، قادر نادر وتی” ئێمە ناتوانیین پێش ڕووداو بکەوین بالەگەڵیان دابنیشین و وەزیری دەرەوە قسە بکات ئەو کاتە تێدەگەین بەڵام بەرلەوە ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ناوی هەرێمی کوردستانی لەو ناوچانە دانابوو کە لەلیستی ڕەشە لەڕاپۆتی ساڵی ڕابردووی، واتە دوایین ڕاپۆرتی هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو کەیسە ئیدانەی هەرێمی کوردستانیان کردووە یەکێتی ئەوروپا کردوویەتی بینیمان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتە سەرخەت بینیمان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت هەموو دیدارەکانیان لێ هەڵوەشاندنەوە.”
“وەزیری دەرەوەی سویدیش لەنامەکەیدا دەڵێت پێشتر شێروان شێروانی باسی مەترسییەکانی لەسەر ژیانی بۆ ئێمە کردووە “
ساڵی ڕابردوتر قادر نادر و ژمارەیەک چالاکوانی هاوکاری شێروان شێروانی و چەند کەسێکیان بانگهێشتی سوید کردبوو سەبارەت بەدۆخی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان تا دیدار ئەنجام بدەن لەگەڵ ڕێکخراوە بیانیەکان و ناوەندەکانی وڵاتی سوید.
قادر نادر لەوتوێژەکەدا ئاماژە بەدیدارەکانی ئەوکاتیان دەکات کە شێروان شێروانی ئاگاداری کردونەتەوە سەبارەت بەمەترسی لەسەر ژیان و ئازادییەکانی.
لەو ڕوەوە قادر نادر وتی” من لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانیشتم ئەو (شێروان شێروانی) تارا حسێن، وتی من بەماددەیەک حوکمدراوم ماددەی لەسێدارەدانە کەزیندانەکەی هەتاهەتاییە هەموو چرکەیەکیش دەتوانن بمگرنەوە، داواتان لێدەکەم ئاگاتان لەو کەیسە بێت، وەڵامی نامەی پێشووی وەزیری دەرەوەی سوید دەڵێت ئێمە دەزانیین شێروان هاتووە لەگەڵ ئێمە ئەو دۆسییەی باسکردووە واتە لەنامەی فەرمی باس کراوە، وە لەنزیکەوە هەموو لایەک ئاگادارە، وە یەکێتی ئەوروپاش بەئێمەی وت، بەرپرسی دۆسیەی ئێراق لەیەکێتی ئەوروپاش هەمان شتیان وت ئێمە ئاگاداربووین و لەپەیوەندیدابووین، هەروەها شێروان ئەوەشی بەئێمە وت، وتی بەدواداچوون لەسەرم دەکرێت.”
“یەکەمجارە حکومەتی هەرێم وەک تورکیا و ئێران لەسەر پێشێلی مافەکانی مرۆڤ …”
سەبارەت بە کاریگەریی بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەی سوید بۆ پەڕڵەمان لەسەر دۆسیەی سزادانی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان، قادر نادر دەڵێت” سوید ئەندامێکە لەئەندامەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمە یەکەمجارە بگاتە ئەو ئاستەی حکومەتی هەرێم وەکوو حکومەتی تورکیا و حکومەتی ئێران لەسەر پێشێلی مافی مرۆڤ دۆسیەکە لەناو پەڕڵەمانێک بەدۆکیومێنت بکرێت وە بیست خولەک لەمیدیای سویدی بڵاوبکرێتەوە، دووەم ئەوە سەرەتایەکە پێشوتر لەبەریتانیا لەئەنجوومەنی لۆرداد باس کراوە، وە نامە دراوەتە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئێمە ئاگامان لێیە لەئەڵمانیا و لەبەریتانیایش نوێنەری هەرێم پرتستۆکراوە لەسەر ئەو بابەتە قسەیان لەگەڵ کراوە لە زۆربەی وڵاتەکان ئەو شتە کراوە.”
” ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لەسەر ئەو کەیسە لەنەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵایان تۆمارکردووە “
لە کۆتایی قسەکانیدا قادر نادر ئەوەشی وت” گرنگە ئەوە بڵێم ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵایان لەسەر مەسرور بارزانی-سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو کەیسە تۆمار کردووە داوای لێپێچینەوە دەکەن، ئەو کەیسە تەنیا کەمێک کاتی دەوێت ئەو کەیسە زۆر بەجیهانی کراوە، وە کۆتایی نایەت ئەگەر دادگای پێداچونەوە بڕیاری کۆتایی بدات. “[1]