ئەمڕۆ #20-07-2022# لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى #پارتى دیموکراتى کوردستان# لە #پیرمام#، #فازڵ میرانى#، سکرتێرى مەکتەبى سیاسیی پارتی پێشوازیى لە کونسوڵى گشتیى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان، دیڤید هەنت و شاندى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى بەخێرهێنانى میوانەکان لەلایەن سکرتێرى مەکتەبى سیاسییەوە، دواپێشهاتەکان و دۆخى سیاسى و ئەمنیی ئێراق و هەوڵەکان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و پێکهێنانى حکوومەتى داهاتووى ئێراق و پەیوەندییەکانى #هەولێر# و #بەغدا# و دۆخى هەرێمى کوردستان تاوتوێ کران.
لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکەدا باسی لە کێشە و ناکۆکیی لایەن و هێزەکان کرا لە بەردەم پرسی پێکهێنانی حکوومەتی تازەی ئێراق و، فازڵ میرانی هەماهەنگی و هاوکاریی هەموویانی بە گرنگ زانی سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکان و لابردنی کۆست و تەگەرەکان.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی جەختی لەوە کرد کە گرنگە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، ڕێزگرتن لە پرەنسیپەکانی هاوبەشی و بەشداریی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان بگیرێت.
دواتر هەردوولا هاوڕابوون لەسەر تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە ئێراق و دەرچوونی لە دۆخی چەقبەستوو و پێکهێنانی حکوومەتێک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی هاووڵاتییان و تەواوی پێکهاتەکانی ئێراق بێت. [1]