ئەمڕۆ #25-05-2022# بەڕێز #فازڵ میرانی#، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و بەڕێز #هۆشیار زێباری#، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شارۆچکەی #پیرمام# پێشوازییان کرد لە بەڕێز مارک ڕیچاردسۆن، باڵوێزی بەریتانیا لە ئێراق و دەیڤید هەنت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و، بەڕێز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتییش ئامادەی دیدارەکە بوو.
لە دیدارەکەدا بەڕێزان میرانی و زێباری سوپاسی حکوومەتی بەریتانیایان کرد بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتییش پێشوازییان لە سەرۆکی حکوومەت لە لەندەن و گرنگیدانی زۆر بە سەردانەکەی.
لە تەوەرێکی تردا، باسی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان پارتەکان و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم کرا. بەڕێز سکرتێری مەکتەبی سیاسی جەختی لەسەر هەڵوێستی پارتی کردەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئاماژەشی دا بە کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لای جەنابی سەرۆکی هەرێم و هیوایشی خواست هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن دەربارەی هەڵبژاردن و کێشەکانی تر.
هەر لە دیدارەکەدا پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی ئێراق و هەوڵەکانی هاوپەیمانیی سێ قۆڵی بۆ پێکهێنانی حکوومەت بۆ شاندی میوان ڕوون کرایەوە.
بەڕێز باڵوێزی بەریتانیا کۆبوونەوە و دایەلۆگی نێوان پارتی و یەکێتیی بە گرنگ زانی و هەڵوێستی وڵاتەکەی خستەڕوو دەربارەی گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا.
دەربارەی پڕۆسەی سیاسیی ئێراقیش باڵوێزی بەریتانیا ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان دەستوەردان ناکەن، بەڵام ڕۆڵی پۆزەتیڤ دەبینن بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و نەهێشتنی کۆسپەکان، چونکە ئێراق پێویستی بە سەقامگیرییە و گەلی ئێراق پێویستی بە کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە.
بەڕێز سکرتێری مەکتەبی سیاسی سوپاسی کونسوڵی گشتیی بەریتانیای کرد بۆ ڕۆڵی کاریگەریی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان. [1]