سکرتێری مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پێشوازیی لە ئەمینداری گشتیی حزبی ئەلئوممەی ئێراقی کرد و لەو دیدارەدا دوایین پێشهات و ڕەوشی ئێراقیان خستە بەرباس و هیوایان خواست حکوومەتی داهاتووی ئێراق خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ئێراق دابین بکات.
لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، #فازڵ میرانی#، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە ئامادەبوونی #هۆشیار زێباری# و، #مەحمود محەمەد# و، جەعفەر ئیبراهیم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و چنار سەعد عەبدوڵڵا و، ئەڤین هرووری، ئەندامانی سەرکرادایەتیی پارتی، پێشوازیی لە شاندێکی ''حزبی ئەلئوممەی ئێراقی'' بە سەرۆکایەتیی ئەمینداری گشتیی حزبەکە، مەحموود حسێن ئەلعگیلی کرد.
لە دوای بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن فازڵ میرانییەوە، تیشکیان خستەسەر ڕەوشی ئەمڕۆی ئێراق و هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە ڕەوشی ئێراق، فازڵ میرانی دید و بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوەش کرد: (ئەگەر لە ئێراقی فیدڕاڵ نەخۆشی لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاواز بێت، بەڵام لە خەم و ئاریشەکانی وڵات هاوبەشین و کاریگەریی لەسەر هەموومان جێ دەهێڵێت و دەبێت هەموومان بە یەکەوە کار بکەین بۆ خۆشگوزەرانیی گەلانی ئێراق و سەربەخۆییی بڕیاردان لە ئێراق.)
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتیشی: (پەیوەندیی نێوان حزبی ئەلئوممەی ئێراقی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزە و ئەمینداری گشتیی پێشووی (حزبی ئەلئوممە)، میسال ئالووسی ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەبوو لە دامەزراندن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان.)
مەحموود حسێن ئەلعگیلی، ئەمینداری گشتیی حزبی ئەلئوممەی ئێراقی سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و، باسی لە ڕەوشی گەلی ئێراق و ئەو نەهامەتییانە کرد کە تێیدا دەژین.
ئەمینداری گشتیی حزبی ئەلئوممەی ئێراقی داواشی کرد، کاری هەرە سەرەکیی حکوومەتی ئێستا و داهاتووی ئێراق خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییانی ئێراق بێت و، خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست کوردستان هەر لە سەرکەوتندا بێت. [1]