کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی کرد و لەلایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#ەوە پێشوازیی لێ کرا و باسیان لە دواین پێشهاتە سیاسییەکانی ئێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتیی کرد، هاوڕا بوون لەسەر تێپەڕاندنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی ئێراق و دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئێراق.
ئەمڕۆ #25-04-2022#، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی، #فازڵ میرانی#، سکرتێری مەکتەبی سیاسی، پێشوازیی لە (کلیمینس سمیتنر)، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارێکدا کە ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوو، سکرتێری مەکتەبی سیاسی بەخێرھاتنی میوانانی کرد و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و باسی دوایین پێشھاتەکان و بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ئێراق و پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەڵمانیای کرد و ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی ئێراق و دەرچوونی لە دۆخی چەق بەستوو و پێکھینانی حکوومەتێک کە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی ھاووڵاتییان و تەواوی پێکھاتەکانی ئێراق بێت و جەختیان لە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کرد.
فازڵ میرانی سوپاسی پشتگیری و ھاوکارییە مرۆیی و سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئێراق و ھەرێمی کوردستانی کرد، ھەروەھا سکرتێری مەکتەبی سیاسی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی پاڵپشتی لە ھەڵبژاردنێکی شەفاف و سەرکەوتوو دەکات کە مافی خەڵکی کوردستانە و ھەموو لایەک بەرپرسیارەتییان لەسەر شانە بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموکراسی بەردەوام بێت.
دواتر، کۆنسوڵی ئەڵمانیا سوپاسی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێی کراوە و تەئکیدی کرد کە حکوومەتی ئەڵمانیا بەردەوام پشتیووانی لە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی ئێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوی دواڕۆژێکی پڕشنگدار بۆ گەلانی ئێراق فەراھەم ببێت و ئەمەش بە یەکڕێزی و لە یەکترتێگەیشتنی لایەنەکان دەبێت. [1]