(شەیتان بە ڕەجمکردن ناکوژرێ)
بۆ نەوال ئەلسەعداوی
14 سەدەیە؛
شەیتان بەردباران دەکەن
بە حیساب دەیانەوێ بیکوژن
بەڵام خۆیان،
هەموویان مردن و
شەیتانیش هێشتا هەر زیندوو.
14 سەدەیە؛
ئەوان نازانن و نایانەوێ بزانن
کە نیشتمانی ڕاستەقینەی شەیتان
نە ئاسمانە و نە زەمین
بەڵکو ناوەڕاستی ئەو مێشکانەن کە کوێرن.
بەڵکو ناوەڕاستی ئەو دڵانەن کە تاریکن.
14 سەدەیە؛
ئەوان تێناگەن یا نایانەوێ تێبگەن
کە شەیتان بە مەعریفە دەکوژرێ
نەک بە بەرد.
14 سەدەیە؛
ئەوان نازانن یا نایانەوێ بزانن
کە شەیتان بە خۆشەویستیی دەکوژرێ
نەک بە هەڵدانی بەرد.
هۆزانەوان: #زانا خەلیل# [1]