بۆ #مەحموود زامدار#
غەریبی جانتاکەت دەکەم
کە بۆنی ئەلیۆت و عەرەقی لێدەهات
بۆنی هێمن و نالی
بۆنی گوڵەبەڕۆژە و
تەرۆزی
بۆنی پەنیری قوتی
بەڵام لە هەموو جانتا پڕ پارەکانی
دونیا
خۆشی زیاتری پێبەخشی
بۆ هەموو جێگەیەک و
لە هەموو جێگەیەک
تۆ خۆت بوویت لەگەڵ جانتاکەت
ئەوانەی لەبەر تۆ ڕایان دەکرد
ئێستا چیرۆکی تۆ دەگێڕنەوە
باسی ئازادی و خۆبوونی تۆ دەکەن
باسی دانیشتن و ڕەنگت دەکەن
باسی گفتوگۆ و جلوبەرگت
باسی قاقایی پێکەنین و
جگەرە کێشانت
باسی گۆرانی و سەدای
دەنگت دەکەن
شەرم لە وێنە و یادگارییەکان
لە قسە بڕین و بۆچوونەکانت دەکەن
تۆ فێرگەیی سادەیی و قەناعەت بوویت
ستایلی ژیانت قوتابخانەیەکی گەڕۆک بوو
باکت بە پلە و پارە و کەمالیات نەبوو
بۆیە چیرۆکی ژیانی تۆ بۆتە نموونەی باڵا
هەر چەند باسی بکەین لێی بێزارنابین
کوا جانتاکەت لە کامە مۆزەی شارە؟
غەریبی جانتاکەت دەکەم
چەند خۆش بوو یەک ئێوارەی دی بمدیبای
تەنها یەک ئێوارەی دی.
ناوی نووسەر: #باهۆز مستەفا# [1]