چاو
1
چاو هەیە مەستە..
ئەگەر ژنەکەت ئەو چاوەی هەبوو
ئیدی؛
پێویست ناکات،
بیر لە کڕینی ڕەز و چەند گۆزەشەرابێک،
بکەیتەوە
2
چاو هەیە ڕەشە..
گەر یارەکەت چاوی ڕەش بوو؛
ئیدی؛
زێدەڕۆییە ڕامان،
بەدیار تاریکەشەو و ئەستێرەبارانەوە.
3
چاو هەیە شینە..
گەر کچێکی گەڕەکەکەتان چاو شین بوو
ئیدی؛
؛ هیچ مانایەکی نامێنێ،
سەیر کردنی ئاسمان و دەریا و زەریاکان
4
چاو هەیە کەسکە..
گەر ژنە دراوسێکەتان چاوی کەسک بوو
ئیدی؛
کفرە لەماڵەکەی خۆتدا،
بیر لە بەخێو کردنی ئینجانە بکەیتەوە.
5
چاو هەیە زەردە..
گەر چاوی دۆستەکەت زەرد بوو،
ئیدی؛
لە وەرزی پایزدا
گەڕان بەناو دارستانێکی ڕووتا،
بێ هوودەییە.
6
چاو هەیە پڕە لەڕەنگ..
گەر ئاشناکەت چاوی تژی بوو لە ڕەنگ
ئیدی؛
دیدتنی پێشانگاکانی شێوەکاری،
جۆرێکە لە گەمژەیی
7
گەر ژنە کارمەندێکی ژوورەکەت چاوی قاوەیی بوو
ئیدی هەموو بەیانییەک خواردنەوەی فنجانێک قاوە، زێدەڕۆییە.
8
چاو هەیە نابینایە..
گەر دڵخوازەکەت نابینا بوو،
هەڵفڕە ئاسمان و دوو ئەستێرەی گەش داگرەو
بۆی بکە بە گلێنە.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]