نیشتمان
منیش حەز دەکەم نیشتمانەکەم جێ بهێڵم و دوور دوور بڕۆم
بەڵام بۆ کێی بە جێبێڵم!؟
تا ئێستا کەسێکم نەدیوە پەڕۆیەکی تەڕ بخاتە سەر نێوچاوانی کاتێ تووشی گرانەتا دەبێ
کەسێک قومێک ئاوی نەداوەتێ کە لەتاو هاوار کردنا گەرووی وشک هەڵاتووە
کەس دانێکی کلۆری بۆ پڕ نەکردۆتەوە
دوای ڕاکردنێکی زۆر لە دەستی داگیر کەر ، کەسم نەدیوە لاقە ماندووەکانی بۆ بشێلی کە لەبن سێبەری داربەڕوێکدا پاڵ کەوتووە.
کە چاوەکانی ئاوی سپی هێناوە، کەس بۆلای پزیشکێکی چاو ڕێنمایی نەکردووە
دڵم نایە جێی بهێڵم
دڵنیام کە پشتی کۆم دەبێتەوە، کەس گۆچانێکی ناداتە دەستی
ڕەق بێتەوە لەسەرمان کەس پاڵتۆکەی خۆی بۆ داناکەنێ
کە ژەهر دەبارێ کەس بە فریای ناکەوێ تا بە دەمامکێ دەم و لووتی بۆ دابپۆشێ
دڵم نایە بەجێی بێڵم
دڵنیام کاتێ جەڵتە لێی دەدا، کەس ئامادە نییە بیکاتە کۆڵ و بیگەیەنێتە ژووری بووژانەوەی دڵ.
نا.. هەرگیز نیشتمانە بێ کەسەکەم،
جێ ناهێڵم.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]