ڕەشپۆش
1
ژنی فارس،
خەریکی تەونە فەرشی کاشانی چێ دەکا
لێ پیاوەکەی لە نیشتمانەکەی مندا،
پەت دەچنێ و سێدارە هەڵدەخات
2
ژنی عارەب،
لە بادیە بە تەنیشت ڕەشماڵەکەیەوە مەڕ دەدۆشێ
کەچی مێردەکەی لە وڵاتەکەی مندا و لەبناری چیادا،
خوێن دەڕێژێ
3
ژنی تورک،
لە باخچەکەی خۆیدا ، ئینجانە ئاو دەداو نەمام دەنێژێ
بەڵام شووەکەی لە نیشتمانەکەی مندا،
درەخت دەبڕێتەوەو دارستان دەسووتێنێ
4
ژنی تورک و
ژنی عارەب و
ژنی فارس،
جلی سوور دەپۆشن و دەتریقێنەوە
سبەینان بەدەم قاوە خواردنەوەوە گۆرانی دەڵێن.
5
چاو بە فرمێسک و ڕەشپۆشە ژنی کورد
کازیوان تاڵاو دەچێژن و
بەدەم لانک ڕاژاندنەوە شین دەگێڕن.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]