قالۆنچە
1
مریشکێکی قون خڕ، لەحەوشەیەکا خۆی بادەداو دوور بەدوور گوێی لە قوقەی کەڵەشێرەو بۆ داتسینێک خەریکە سوێی دەبێتەوە ، ئیدی لەخەمی ئەو تەنیاییەدا، لەهێلکە دەچێتەوە
2
ڕووبار لە داخی دابڕان لەکانی، سەر دەکێشێ بە گاشەبەرداو، چاوە سپیەکانی وەک ڕستێک مرواری دەپسێ و دانەدانە دەپڕژێتە نێو سەوزە گیای کەنارەکەوە
3
مانگ، دوای تەواو بوونی سووڕی مانگانەی شەتاوێک نادۆزیتوە خۆی تێدا بسمیل کات، هەموو کانیی و ڕووبارەکان، وشک هەڵاتوون
4
دارستان پارچەیەک ڕەژوەو کۆترو چۆلەکە لانەوازن، جڵێکی سەوزی حەوانەوە نادۆزنەوە ، فل بوون بەتاقی ئاسمانەوە
5
کولوە بەفرێک بەر دەبێتەوە سەر گاشەبەردێک و پەراسووە ناسکەکانی هەلا هەلا دەبن چاوانی تژی دەبن لەفرمێسکی توانەوە
6
دڵۆپێک بارانی ساوا دەکەوێتە سەر پارچە ئاسنێکی ژەنگاوی و چۆکی شین دادەگەڕێ و قرچە لە بڕبڕەی پشتی هەڵدەستێ و کەپووی دادەڕسێ
7
سەگێک لەگوندێکی کاولکراودا، دەترەکی و گوانی چۆڕێک شیری تێدانیەو گوجیلەکانی لۆ بەخێو ناکرێ و بەردەوام دەقروسکێنێ
8
کەرێک لەژێر باری قورسدا، هەڵدەدێرێ و قاچەکانی دەشکێن و جارێکی دی توورەکەی جۆی ناکەن بە ملیداو تڕۆی دەکەن
9
لەبەفرانبارا، پشیلەیەک دێتە بەرپەنجەرەو کفنی کردۆتە بەری و میاوە میاوەکەی وەک شۆڕەبی نێو ئاو هەڵدەلەرزێ و کەس تیکێک بەزەیی بۆ واڵا ناکات
10
ئەمانە هەموو دڵم دەگوشن
قالۆنچەیەکی شەلیش میوانی هاتوەو کەچی ناتوانێ پشقلێک بەرێتە کونەکەیەوەوبیخاتە سەرسفرەوە ، ئاخر ماڵەکەی لەهەورازێکی ڕکدایە
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]