کێلنووس
1
ڕۆژێک لە سێدارە دەدرێم ولەشم وەک قالبە سەهٶلێک شۆڕدەبێتەوە خوارێ وکۆتاییم دێ
بەڵام؛
جەللاد دەست لە ئیشەکەی خۆی هەڵناگرێ
2
مینێکم پێدا دەتەقێتەوەو هەلا هەلا دەبم
بەلام ؛
مینچێن هەر سەرقاڵی پیشەکەی خۆی دەبێ
3
تەرمەکەم دەخەنە ناو تابوتێکەوە بە پشتی پیکابێک ،
دەمبەنە گۆڕستان ودەمچێنن
بەڵام ؛
تابووتگەر رۆژانە تابووتی دی ساز دەکات
4
گۆڕهەڵکەن ،بەقەد باڵای خۆم گۆڕێکم بۆ لێدەداو دەمنێژێ و چاوم پڕدەکا لەخۆڵ
بەڵام؛
بۆ هەڵکەندنی گۆڕێکی تر قازمە بێڵەکەی لەسەرشانیدا، ناهێنێتە خوارێ
5
کێلنووس بە خەتێکی خۆش و بە پیتی درشت ناوم لەسەر کێلەکە دەنوسێ و
ئیدی ئارامگەکە دەبێتە ماڵی هەمیشەییم
بەڵام؛
کێلنووس دەستدەکات بە نوسینی کێلیکی دیکە
6
جەللاد و
مینچێن و
تابووتگەرو
گۆڕهەڵکەن و
کێلنووسیش دەمرن؛
بەڵام..
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]