خودا بێرەدا تێپەڕیوە
خودا سواری پەڵەهەورێک دەبێت و دێ بۆ میسر، بتەکان کە دەیبینن دەلەرزن ، دڵی میسر لەناویدا، دەتوێتەوە
کتێبی پیرۆز-ئەشعیاء1:19
1
هەموو فریشتەکانی بەهەشت کچی گوندەکەی منن.
کەسی بێگانەیان تێدا نییە!
2
لە ڕەزو باخی ئاواییەکەی منن،ئەو جامە شەرابانەی
غیلمانە چاو ڕەشەکان دەیگێڕن.
3
کە ئادەم یەکەم جار پێی نایە سەر زەوی،
لەبن سێبەری دارتووەکەی بەرماڵان،
سەرخەوێکی شکاند.
4
یەکەم نوێژیی،
لەسەر تاتەبەردێکی گوندەکەی منا دابەست؛
-حەزرەتی برایم
5
لە کانی گوندەکەی مندا داک حەوا،
یەکەم گۆزەی تژی کرد لە ئاوی تەزیو.
6
پیرۆزترین خاک خاکی گوندەکەی منە
ئاخر خودا ڕۆژێ لە ڕۆژان،
بەوێدا تێپەڕیوە.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]