ڕاکردن
1
پەنجەرەی ماڵی کورد،
بۆ ئەوە کراوەتەوە
تا؛
- لە وێوە بە ئاسانی تەقەمان لێبکەن.
2
دیوار بۆ ئەوە بەرز کراوەتەوە
تا؛
-لافیتەی شەهیدانی پێوە
هەڵبواسین.
3
گەردن کێلە ژنی کورد،
تا؛
-بە ئاسانی بکرێ بەپەتا.
4
دەستی کورد بۆ ئەوە خولقاوە
تا؛
-نارنجۆکی پێدا بتەقێتەوە.
5
لووتی بۆ ئەوە زەق بۆتەوە
تا؛
-تەنیا بۆنی بارووتی پێ بکا
6
چاو،
بۆ دیتنی گوندی سوتماکە.
7
گوێ،
بۆ بیستنی دەستڕێژ و زریکەیە.
8
ددان بۆ ئەوە خوڵقاوە
تا؛
-دوای هەموو شکستێ
پەنجەی خۆی پێ بگەزێت
9
مرۆڤی کورد تەنیا یەک ئیشی بە لاقەکانیەتی؛
تا،
- تاهەتا بە شوێن ئازادیدا،
ڕابکات.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]