دڕۆن
(من بە ئاسانترین زمان دەنوسم، زمانی چۆلەکە)
1
ژنێک ناوێرێ؛
گۆزە تینوەکەی بخاتە سەر شان و
پڕی بکات لە ئاوی کانی.
2
کچۆڵەیەک ناوێرێ؛
بچێتە ناو باخ و بڕێک هەنجیر بخاتە ناو سەبەتەیەک و
ئێوارە بە نان و ماستاوەوە بیخۆن.
3
خێندکارێ ناوێرێ؛
کتێبەکانی بخاتە بن باڵێ و
بەرەو مەکتەب بکەوێتە ڕێ
4
باخەوانێک ناوێرێ؛
قەرتاڵەیەک تژی بکا لە ترێ و هەرمێ و
بە سواری گوێدرێژێ بەرەو شاری بەرێت.
5
شوانێک ناوێرێ
بەرەو لەوەڕگای بنارێک
هڕە لە ڕانە مەڕەکەی بکات و
شمشاڵەکەی بژەنێت.
6
ڕێبوارێ ناوێرێ
لەبن سێبەری دارتوێک پشوێ بدات و گوێ لە جریوەی چۆلەکە بگرێت.
7
دوو دڵدار،
ناوێرن بچنە ئاقاری ئاوایی و
لە بن تریفەی زیوینی مانگدا،
باوەش بکەن بە یەکترا.
8
گەڵا دەترسێ ورشەی بێ
ڕووبار- خوڕە
شنە تۆقیوە هەڵفڕێ.
9
لە ئاسمانی وڵاتەکەی مندا،
ژمارەی دڕۆن،
لە ژمارەی باڵندە زیاترە.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]