چەند چرپەیەک بۆ نیشتمان
تۆ باسی چ نیشتمانێکم بۆ دەکەیت برادەر ؟؟
لە دەستڕێژی قسەکانت و له ڕەشەبای گللەییەکانت
هێواش بەرەوە هێواش....
ئاخر من نیشتمانێکم هەیە،
نیگاکانم هەڵدەخا لەسەر تەرمی،
ئه و کۆترانەی دارلاستیکی جەهل کوشتنی...
نیشتمانێک ،کە عیشق لەناویا تەپاوتلییەتی
چاوەڕوانی تازەمەنی مەهدی!
تۆ باسی چی دەکەی برادەر؟؟
من نیشتمانێکم هەیە پڕە لە ئاوی بریندار،
لە پێڵاوی ئه و بایانەی پڕن له سەفەر..
لە ئەفسانەی ئه و ئەڤینانەی نەشەمع سوتاو
نەپەروانە هەڵوەدا..
لە خەتمی ئه و دڵانەی مناڵی کۆمەڵەی بەتاڵ و
پیری تا ئه و سەری مەوجدان..
باسی چ نیشتمانێکم بۆ دەکەی؟
گەر هەر ئاگرێک لەم گەردونە ببارێ
من له پیاسەی شەقامەکانییا،
دووکەڵ کۆدەکەمەوەو
کراسەکەم پڕدەکەم له نزا !
تۆ ئەم نیشتمانە سەر سپییەی من
لە کوێ دەناسیت نالەبار؟
کە خۆت له ئاگر دووری
له بارانی عیشق بێبەری و
له ئاسەواری دڵشکان بێباک و
حەرفی دەستەکانیشت ،
لە موناجات خاڵی !
نیشتمان تۆ قەڵسی بە دوژمن ،
من دوو ئەوەندە...دوژمن که دێ
بۆنی جەنگی لێ دێ..
جەنگ لەگەڵ باڵندەکان،
جەنگ لەگەڵ مەحشەری باخ و
تایفەی گیاو ماڵی گوڵ و
شەقامی (با) و کۆڵانی مانگەشەو!
نیشتمانە بێکەسەکەم دوژمنەکانت بناسە
خۆشەویستی و تەباییان لەگەڵ مەکە..
ئەوان دەیخەنە زبڵدان،
کە دەزانن نەخۆشی ،
قفڵ ئەدەن له دانوستان..
شوشە شوشە ئەوین دەشکێنن،
پۆل پۆل تەرمی گوڵەباخ فڕێ ئەدەن..
ڕەزی ڕووخۆش و چیمەنی بۆنخۆش هەڵدەکێشن...
کێڵگە سەوز دەکەن به باروت،
ئاگر ئەدەن لە سەدای بولبول،
قەفەس دەخەنە دڵی کەناری ،
پاساری لە خاچ ئەدەن ...
ئەمەیە ئاکاری دوژمن ،
ئەی ڕۆحی من ،ئەی نیشتمان !
نیشتمان ئەوەندە بێ هیواییان لەناوتا ڕواند،
کەچی هێشتا من هیوام پیر نەبووە لەگەڵتا...
هەموو کۆشکی ئاواتەکان،
بەدەم تۆفانەکانتەوە هەلا هەلا بوون..
بەدەم ڕەشەبا شبرەکانتەوە فڕێ دران...
بە دەم بازاڕە هەڕاجەکانتەوە ،
چوونە دەمی شکستەوە...
نەخەونی مارۆنیم ماو
نه ئومێدی پرتەقاڵی ،
کەچی هێشتا دەستەکانم پڕە لە ناوی تۆ !
ئەوەندە ماڵ و شەقام کوچه و کۆڵانییان،
پڕ کردیت له مردن ...ئەوەندە قەفەسیان ،
لە ئاسماندا چێکرد و سەری باڵندەکانیان کلیلدا
کەچی دڵم حەفتاو پێنج جار ناوی تۆ لێدەدا...
ئەی نیشتمان، ئەی رۆحی من...
نیشتمان جەللادەکان هەموو شتێکیان کرد،
بۆ ئەوەی تۆم لە بیر بچێتەوە...
باخ و بێستانییان تووڕە کردی به شەتڵی شەوەزەنگ،
هێمنییان تێکدای بە گەردەلوولی سەفەر،
جانتای شانیان پڕ کردیت لە جەفای جێهێشتن،
دەموچاوی بەرائەتیان پێچای بە دەمامکی پیر،
غروریان شکاندی بە هەڕەشەی هیچستان !
نیشتمان جەللادەکان هەموو شتێکیان کرد،
بۆ ئەوەی تۆم لە بیر بچێتەوە...
ئاخر چۆن له بیر دەچیتەوە؟
خۆت چرپاندت بە گوێما،
تریفەی درەختەکانت بۆهەمیشە چرۆ دەکەن،
باخەکانت هەمیشە بەهارن پاییز کفن دەکەن،
هەینییەکانت بۆ هەمیشە لەسەرشانی مزگەوتەکانتا،
سواڵی مەحەبەت دەکەن !
تۆ چۆن بیر دەچیتەوە؟؟
تا ئەبەد پیاسەی شین شین لە چاوەکانما دەکەیت..
تاخوا حەز بکا دەبمە گسکدەری ئه و شەقامانەت،
لە هارو هاجی مناڵاندا کەوتن بەدەمدا..
تا من هەبم خەمەکانت دەکەمە گواره و مستیلە،
برینەکانت ساڕێژ دەکەم به دەرمانی لێبوردن و
بەمەرهەمی زەردەخەنە !
نیشتمان ئاخر تۆ چۆن لە بیر دەچیتەوە،
ئێمە که دەمرین..بە گەورەیی دەچینەوە مناڵدانت
ئەی ڕۆحی من ئەی نیشتمان!ِ
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]