فیراقستان
(1)
چ فیراقستانێکە؟؟؟
ئێوارە لە کاسەی سەرما دانیشتووە،
لە هەموو کوچەکانی ڕۆحما،
مۆمەکان خەوتوون..
ئەمە هەنسکی ژنێک بوو،
دەژمێری متمانە،
لە حەرفی هەناسەکانیا قرتا،
شکانی شه و لە چاوەکانییا!
(2)
کە وڵاتی من فیراقستان بێ،
شەهید دەمێکە جیابوونەوەی،
کردە شانی و تفەنگ گریا،
خاکیش خستییە منداڵانی !
(3)
لە ئاسمانێکا کە فڕین قاچاخ بێ،
فیراق باڵندە دەکاتە بەری،
قەفەس چڵی کەلتورێکە،
باوک سالاری !
(4)
چۆن نەکەوم بەسەر فیراقا،
لە خەیاڵی پەنجەرەیەکەوە هاتی،
لە کافتریاو شەقام و باخچەدا،
خۆم هەڵکێشا لە تۆ..
ئەمێستا کە فیراق هاڕە دەکا،
من لە گریانی دەرگایەکەوە
تا قیامەت خۆم دەتەکێنم لە تۆ..
(5)
ئەوەندە تەنافی فیراقیان لێ هەڵخستم
ئەوەندە بە دەست ڕێژی شەرەف، ڕۆحیان کوشتم..
شێتیم لێ ڕواو چوومە سەردانی،
سەرگەردانی و ژنبوونم لەت لەتبوو،
بە فیراق !
(6)
ڕەشنووسی فیراق هەڵدەکا...
سپی سپی من خۆشم دەویستی،
ڕەش ڕەش تۆ جێمدەهێڵی...
شین شین شیعرت بۆ دەنێرم،
بە عەتری عاتیفە..
عەبەس عەبەس عاتیفەم فڕێ دەدەیتە
زومی زبڵخانە!
وای لە تۆ چەند پیاوی لە،
هەڵگیرسانی فیراق..
وای لە من چەند نەخۆشم بە،
فەتارەتی فیراق !
(7)
من لە ئەزەلەوە تامەزرۆ بووم بە فیراق،
من دەزانم ئه و بارانی بەرائەت،
لە ڕۆحیا ڕوو لە من دەکا
نور...ئەی نوری چاوەکانم،
لە ڕۆحم ڕامەکە،
من باڵم شکستە و
هەموو جەستەم ڕەهێڵەی فیراق !
(8)
فڕین کە دەبێتە فیراق،
باڵندە نابێتە کرێچی لە ئاسمانا...
باران کە دەکەوێت بەسەر فیراقا،
بیابان قاقا لێ ئەدا...
درەخت کە فیراق دەگرێ،
خۆر نەفرەتی لێ دەکا..
من و تۆش کەدەگەینە کەوشەنی فیراق،
وتنێک ناوترێ لە بێدەنگییا!
(9)
فیراقستان ناوی نیشتمانی منە..
لە سایکسبیکۆوە تا ئێستا،
بەلەمی ڕووبارێکم بێ کەنار!
هەر هەڵەبجە دەبارێ و
دڵۆپ دڵۆپ شەستە بارانی سێو،
هەر نەزیفی شەنگالە و
دەنک دەنک کچێنی هەنار!!
(10)
کە زەوی هەمووی خولیای فیراق بێ،
حەسرەت ،خەفەت ،نەفرەت
هەموو بکەرە بەری داهۆڵێک،
تاچۆلەکه و بنەماڵەکەی تێبگەن،
کێڵگه و بێستان واتە حەسرەتی لە بارچوون..
تا بولبول و هۆزەکەی تێبگەن،
گوڵ و باخچە واتە خەفەتی نەخۆشخانە..
تا هەڵۆو عەشیرەتکەی تێبگەن،
چەند بەرز بفڕن لە ئاسمانا،
نیشتنەوە لە زەوییا واتە نەفرەتی لەناو چوون!
(11)
ئیتر چۆن بڵێم من کچێکم لەخۆزگە؟
تۆ هەموو خۆزگەکانت فڕێدا،
ئه و کاتەی من نووچم دایە نوێژێک،
تۆ ئاسمانم بووی !
ئەمێستا مردنم چۆڵ و چۆڵ و
خۆشەویستیت تەنگە بۆ بەرم...
ئیتر لێرەوە زرنگەی خۆزگەکان و
زەنگی ئومێد لە چاوەکانا ناژین،
ئێمە خۆمان کوشت و بەسەر فیراقا کەوتین!
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]