دووکەڵ بێ هۆ نییە
ئەگەر پشکۆکان چاو بکەنەوە،
دەزوولەیەک دووکەڵ دەفڕێ..
ئەگەر لقێکی درەخت داخکرێ،
گەڵاکان لاڵ دەبن لە دووکەڵا..
ئەگەر دەریاکان هەناسەیان لە هەڵما کوڵا،
هەور لە ستیانەکانییا کۆی دەکاتەوە،
دواجار بە کوڵ گریانێک دەبارێ..
ئەگەر هەنجیر گەرمای پێگەشتن نەبا،
دووکەڵ لەکوێوە دەیکاتە مرەبا؟؟
دووکەڵ بێ هۆ نییە..
ئەگەر تۆش پارچەیەک لە ئاگری وتەکانت،
گرمۆڵە کرد لە دڵما،قرچە قرچی نابیسترێ،
لێ لە چاوەکانما دیجلەیەک فوارە دەکا !!
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]