کافرەکان ئیتر لە جەهەنمدا نامرن،
بە سواری حەرفەکاندا دەفڕن و
شه و دەتەکێنن و تاریکی بە خۆیاندا ئەدەن !
کافرەکان موتڵەقن...
دەستی (با) دەگرن و باران لە پێدەکەن و
بەسەر دیواری ئاسماندا باز دەدەن !
کافرەکان موتڵەقن لە جەهەنمدا نامرن،
سێبەرەکەم دەلەرزێ،
کە کافرەکان بەناو چاوما پیاسەدەکەن
پێڵاوەکانم هەناسەبڕکێ،
کە کافرەکان رێگە دەکەنە پێ،
جلەکانم ماندوو..کە کافرەکان
دەگەنە حەرەمی دڵم.
قۆڵ دەکەم بە قۆڵی تراویلکەدا،
کە کافرەکان قاچ و دەستی ئاو گرێ دەدەن،
چاوەڕوانیم دەپێچمەوە،
کە شکانی دڵ چووە دڵیانەوە،
موتڵەق تاقامی قیامەت موتڵەق،
لە جەهەنمدا نامرن زەویش دەکەنە جەهەنم..
من دەڵێم: ئاخ کافرەکان باڵی موتڵەقتان،
لە سەروی کێوەکان،
سنەوبەری ڕۆحتان تاریکستان !
ئه و وتی: منیش کافرم؟
من وتم تۆ کافر نیت چڵی چڵی پەنجەکانت
له نەتەوەی باخە..
تۆ ئەی به ئازارترین کەس و
بە ویقارترین شیعر،
تۆزێک خۆت موتوربەکە لە من،
با نەبیتە کافری موتڵەق..ئەی کافر!
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]