تازەگەریی
چۆن ڕازێک بدرکێنم،
هاوڕێیەکم هاڕەی کردووە،
لە تێنەگەشتنا..
لە بیرم چوو، تۆپەڵێک تیشکم
لە نیتشەوە پێگەشت،
هاوڕێکان نزیکترین دوژمنن!
عاریفێک پێی وتم / چەند گەشت لەکەللەی سەرتایە؟
وتم / زۆر پیادە ڕەوم..
وتی/ هەر ناگەیت،
دنیا قاچەکانی درێژە!
شەو لە درێژییا پچڕا و
گەشتە کەمەرم،
مانگ لە دوای دواوەوە دانیشتووە،
ڕەنگی زەردە،
تا بیناقاقای خەستەخانە!
زەمەن بۆگەنی کردووە،
مرۆڤ بە دەستییەوە خۆی دەهاڕێ،
هەر گەدە چێدەکا،
گەنمی تەکنەلۆژیا!
گریان پاشماوەیەکی کۆنە،
ناچێتە تازەگەریی..
بەسەر پەردەی پەنچەرەکەمەوە،
نیشتۆتەوە دەماری..
ئاخ کڵپەی پێکەنین کوشتمی!
(با) کاتی ئەوە هاتووە ڕەنگ بگرێ،
جوڵەی درەخت کۆن بووە لە ڕاڤەیا،
کە با ڕەنگی لەبەرکرد،
شار دەجریوێنێ!
نووسینی سەر لم،
جێی متمانە نییە..
فیکەیەک لە ڕەشەباوە..
باڵەخانەیەک باڵای چۆتە ئاسمان،
چاوشارکێی کەلاوەیەک..
کە زەمەن جگەرەی کێشا،
ڕۆحی هەردووکیان فەنا!
دایک لە حەرفی ملکەچییا،
نزا دەچنێ تا مناڵ باڵەفڕ بێت،
کەچی مناڵ لە ئێستادا،
باڵ، باڵ خەرج دەکا،
دواتر لە قەفەسی مۆبایلدا دەنوێ! [1]
هۆزانەوان: #ڕۆژ هەڵەبجەیی#
#31-05-2023#