نازانی لەکوێوە ئەو چرکە ساتانە دێن،
کە پڕن لە بۆنی دڵخۆشی
چوون پیاسەیەک بەلای پارکێدا و
گوڵێک بەدەم ڕۆشتنەوە بۆت پێدەکەنێت،
چوون نانێکی گەرمی بەیانیان،
بەتامەزرۆوە ژووانی لەگەڵ دەکەیت،
چوون گۆرانییەکی فەیرۆز لە بەیانیاندا،
لوبنانت نیشان ئەدا،
پیاسەی پارک و نانی گەرم و
گۆرانی فەیرۆز..
هەموو بۆنی دڵخۆشین،
با خەمیشمان بیر نەچێت،
چاوشارکێی لەگەڵ دەکا،
تاڵی خەم لەهەموویانا هەیە،
بۆیە دڵخۆشی لەبار ئەچێ،
لە پیاسەی پارکەکەدا،
دەنکە لمێک بەڕێکەوت
لە پێڵاوەکانتا درزێک دەخاتە
پێکەنینی گوڵەکە..
نانی گەرمی بەیانیان،
برسییەک لە ڕێگادا
نووچی بۆ ئەدا..
گۆرانییەکەی فەیروز،
کە ئاشقێک گوێی لێدەگرێ،
فیراق لەچاوەکانیا هەڵدەقوڵێ..
دڵخۆشی چرکە ساتە
خەم هەموو سات !
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]