تێڕامان بەناو شتەکاندا
(1)
دار هەر شەڕێک بکا،
دواجار بەشەرمێکی شینەوە،
دەچێتەوە سەر ڕێگاکانی دارستان..
گیا هەر شەڕێک داگیرسێنێ،
دواجار بەگللەیەکی کەسکەوە،
هەر دەچێتەوە سەر شەپۆلی سەوزایی..
ئاسمان هەر شەڕێک شیتەڵکا،
دواجار بەپێکەنینی بارانەوە،
دەست دەخاتە ناو دەستی گفتوگۆ...
منیش هەر شەڕێک لەگەڵ تۆدا پیادەکەم،
دەچمەوە سەر شان و ملی ئاشتەوانی و
لق و پۆپی هەمەڕەنگی خۆشەویستی!
(2)
کە ئێوارە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە،
خۆرئاوابوون دڵۆپ، دڵۆپ دەڕژێ..
کە شەویش دەگەڕێتەوە بۆ،
ماڵەکەی خۆی.. تاریکی پشتی قەموورو
گۆچانیش لە دەستی،
مانگ و ئەستێرەدا دڵەڕاوکێ!
(3)
لەژێر قاچی هەر کورسییەکدا،
دارەمەیتێکی قاوەیی...
لەپشت سەری هەرکورسییەکدا،
سێدارەیەکی شین
لەدەست وپەنجەی هەرکورسییەکدا،
قەفەسێکی هەمە ڕەنگ
دارەمەیتی قاوەیی و سێدارەی شین و
قەفەسی هەمە ڕەنگ
ئەمە پەیکەری هەموو کورسییەکانە،
لە ئەندێشەی شەوی تارا...
ئەوەشی تەمەنی بۆ درێژکرد،
پایپی دیکتاتۆر بوو،
لە زەمەنی زوڵمەتا!
(4)
لەناو دڵی هەورا،
پەلکە گیا هەڵدەقولێ،
ئەمە چیرۆکی عیشقی پێدەشتەکانە...
لەناو دڵی ئینجانەدا،
گوڵ لە پێکەنینا دەفڕێ،
ئەمە چیرۆکی دڵداری هەموو باخەکانە.
لەناو دڵی کێڵگەدا،
گریانی نان هەڵدەقولێ،
ئەمە چیرۆکی ئەڤینی گەنمە چاومەستەکانە..
لەناودڵی منیشا هەوری عیشقێک،
لە هەڵقوڵینا شەقژنییەتی،
دەبێتە باخ وکێڵگە و ئینجانە !
(5)
لە شەودا کە دەنووم،
پێخەفەکەم شەوباشێک دەکا...
ناڵینێک لە قاپەکانەوە بۆ شتن،
مەست لە چاوەڕوانییا..
دەرگا ئێشک دەگرێ و کلیلی
ناو دەرگاکەش باوێشک ئەدا؛
ئەو کاتەی شەو،
تاریکییەکانی خۆی قەد دەکا،
تۆفانی ئەستێرە لەسەر،
پێخەفەکەم دەنیشێتەوە...
پێڵاوە پەستەکانیشم ،
بەستنەوەی ڕێگا هەڵدەچنێ و
ئازادییەکی چاوشینیش،
هەناسە هەڵدەکێشێ،
کەچی بیرم چووە لەو شەوە شەنگەدا،
بە تەنهایی نووستووم!
هۆزانەوان: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]