ڕەنگەکانی جێهێشتن
دەرگای جێهێشتن دارتاش چێینەکرد،
تائوقرە بگرێ لە کلیلا،
ئایا ئەوە دەزانیت تۆ بزمارت پیاچەقاند و
هەر تۆش بووی جێتهێڵا !
هیچ چەتوونێک بەردی نەهاوێشت،
بۆ شکانی دەلاقەی دڵم،
پێڵاوەکانی ڕەشەباش پێی نەوێرا،
ئەوە تۆ بووی بەردی جێهێشتنت تێگرت و
لە هاڕەی گریانیدا !
گوڵەگەنمی تەمەنم لە تینوێتیدا نەتۆرا،
ئەوە بیرەوەری تۆ بوو بە سڵاوی
پووشپەڕ تێکتدا..
تۆ کە ئالوودەی بەڕەنگی ڕۆشتن،
لۆمەی ئەو ڕێگایانە مەکە،
تەرییبن بە یەکتر..
ڕۆژێ دێ درەخت نامەیان بۆ بنووسێ،
تا بوەستن !
مرۆڤ واتە سەربووردە..
من شێتی خۆمم لێ ونبووە،
نازانم چۆتە کوێ؟
پێویستم بەو شێتییەیە تا بۆگەن نەکەم،
تۆ جانتاکەی سەرت پڕە لە ڕۆشتن،
پێکی شەرابەکەشت جێهێشتن،
ئیتر چیت داوە لە بێباکی؟
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]