من و تۆ لە خەتاکانی خەیاڵداندا
(1)
چی لە عیشق و ئەوین بکەم؟
ئێستا زەمەنێکە نەمنداڵەکان،
نەمەلەکان، نەشێتەکان،
دەستیان ناگاتە دەستی پێکەنین...
عیشق خەڵکی کوێیە؟
گوڵێک قاچی شکاوە،
ئاو گوێی لێ ناگرێ..
شیعر پەڕو باڵی شێواوە،
نەی دڵی ناداتەوە...
ژن پەراسوی هەموو،
ڕووناکییەکانی هاڕەی کرد،
حیکمەتی چرایەک ناپرسێ..
زەمەنی من و تۆ ناوی هەموو شتێکە،
عیشق نەبێ...
من ئیتر موسافیرێکم،
لەدوڕیانی بێدەنگییا،
تۆش بێدەنگ بە...
(2)
باسی سوتانی عیشقم بۆ مەکە،
تۆ حیکمەتێکت لە،
چراو پەپولە وەرنەگرتووە،
بۆیە من تراویلکەم بۆ تۆ..!
باسی ئازادیی عیشقم بۆ مەکە،
تۆ لە وشەکانی من،
فڕینت وێنا نەکردووە،
بۆیە عیشق لای تۆ
شوناسی قەفەسە!
تۆ لەفرمێسکەکانی من،
ڕەنگت نەبینیوە بۆیە،
نە لە بیانوویەکی پەمەییم دەگەیت و
نە لە قسەیەکی پرتەقاڵیم..
نە لە شەڕێکی شینم دەگەیت و
نەلەخەمێکی شەرابیم!
(3)
جیا بوونەوە لە هەموو،
شتێکدا چێ دەبێ...
سەمای گەڵا لە درەخت،
قریوەی باران لە ئاسمان،
لەنجەی لاولاو لە دیوار
کە جیابوونەوەش کەوتە،
نێوان من وتۆ:
کورسییەک بەتەنها پاڵ دەکەوێ،
پەیژەیەک لە پەشیمانیدا قاچی دەشکێ،
گۆرەوییەک لە توڕەییدا پێڵاو نابینێ،
جیابوونەوە لە هەموو شتێکدا چێ دەبێ..
بەڵام کە کەوتە نێوان من و تۆ:
هەموو لێدانەکانی دڵم،
دەبنە هەرمێی فیراق..
قافییەی شیعرم قەفەس،
کێشیان قفڵ!
(4)
هەموو بۆشاییەکان دەبیستم...
گوێچکەم گرمۆڵە دەکەم لە بێدەنگی،
یەک یەک تەماشاکانم بەرئەدەمەوە،
لە درزی خەیاڵێکمەوە دەبیستم:
مشتێ درۆ ڕۆدەکەین بۆ کۆترەکان،
دواجار بۆشاییەک دەست هەڵدەبڕێ:
نوختە، نوختە سەربڕین...
لەگللەی باخێکەوە تێدەگەم:
شنەباکان بەچەپکێک ماچەوە،
پرچی درەختەکان شانە دەکەن
کەچی لە دڵیانا بۆشاییەک هەیە:
خاڵ خاڵ پژمەی پاییز...
کە تۆش نامەیەک پڕ دەکەیت،
لە قاقای پێکەنین،
لەپشت خاڵ و وێرگوڵ و
نیشانەی پرس و سەرسوڕمان :
بۆشاییەک ڕاکشاوە،
حەرف، حەرف گریان!
(5)
ڕووبارێک لەناو گۆزەیەکدا ڕاکشا،
زەحمەتە قڵپکردنەوەی...
شه و هەموو تاریکی قووتبدا،
زەحمەتە تەفسیرکردنی ڕووناکی،
لە چوار چێوەی قەفەسا...
نزیک کەوتنەوەی منیش لەتۆ،
زەحمەتە پێکرنی،
خەیاڵێک لەخڕکردنەوەی خەیاڵدانا!
(6)
متمانە لەدەستەکانما بەربۆتەوە، نازانم چۆتە کوێ؟
ئەشێ لەقەراغ کانییەکی پیرا دانیشتبێ،
شه و دەجوێ...
ئەشێ لای کەنارییەکی کاڵفاما بێت،وردە وردە،
فڕین ڕادەخا لە قەفەسێک..
ئەشێ لای بۆقێکی عەجولا بێت،ئیرەیی دەمەزەردەکاو
ڕیشی قەوزە ئەتاشێ لە بەردێک...
متمانە لە دەستەکانم بەربۆتەوە...
ئەگەر لای کانییەکی پییرا بێ و
لای کەنارییەکی کاڵفام و بۆقێکی عەجول،
ئەمە حیکایەتێک بوو گوزەشت...
متمانە لە کۆڵانەکانی دەستما نەماوە،
لەوێ تۆم ونکرد و خۆشم،
دابەزیم لەدوڕیانی متمانە..
(7)
هەرگیز کەشتی لە درۆکانی وشکاییدا،
وێنەی ناکێشرێ،
کەشتی یانی دڵی دەریا!
درەخت لە جادەکانی ئاسماندا،
نەخش ناکرێ،
درەخت یانی ڕەنگی ڕێگا..
کەوشەکانی باران بەیەک،
میتافۆر ڕەنگ ناکرێ
کەوشەکانی باران یانی:
مشتومڕی چیمەن و چاوداگرتنی جۆگەله و
چەپڵەلێدانی کێڵگە..
هەرگیز ڕۆحی پەناهەندەی من،
پێناگرێ لە هیچ وڵاتێک،
پەناهەندەی وڵاتی من،
دنیایەکە یانی دالی دڵی تۆ!
(8)
ویستم لێت نزیک ببمەوە وەک شیعر،
وشەیەک وتی: مەحاڵ...
بانگت بکەم وەک شیعر،
دەنگێک وتی مەحاڵ...
تێلت بۆ بکەم وەک شیعر،
گریانێک سەری دای لەمەحاڵ...
ئەوەت نەزانیوە شیعر دەبێتە مانگ و
تاریکی شه و دەشێلێ بۆ هێلانەی باڵندەکان...
ئەوەت لەبیر چوو شیعر وێنەی نیشتمانێک دەکێشێ،
نە دیوارەکانی دەبنە زیندان و
نە ئاسمانی قەفەسی مەلەکان...
شتێک هەیە مەحاڵ..تۆ بۆ من،
لەنزیکییا دووریت و
وشەکانت بۆ من قەفەس و زیندان...
بە بەردی قسەکانیشت ڕووبارو سەوزە گیاو
چۆلەکه و درەختت ڕاونا،
نەتزانی پاڵتۆی هەموویان شیعرە،
کچێک وێنەی کێشاوە،
شەقام لەڕۆشتنا کۆتری لەبەر کردووە،
دارستان تاجی سەری چڵەگیا!
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]