وێنەکانی جەنگ
(1)
جەنگ لە سەرەتادا کە دەکەوێتە ڕێ..
فۆتۆگرافەرێک لە زوومی کامێراکەیدا،
ڕۆژنامەنووسێک لەژێر دوودڵی قەڵەمەکەیدا،
شەهیدێک حەشار دەدەن.
تەپوتۆزی قیژە چاو دەکەن..
بازرگانێک پێک پێک پێکەنین،
لە گیرفانیا نوقم دەکا...
دایکێک لە نووستنی کەلاوەیەکدا،
ڕۆحی مناڵەکانی ڕۆدەکا..
جەنگ یادگاری دەداتە هەموومان،
بۆ منیش خەمی هەموو نیشتمان!
(2)
لە جەنگا سەربازێک گوللە سنگی سمی،
لە گیرفانی کراسەکەیدا نامەیەک گریا،
چاوەڕوانییەک چاوی چووە فیراق
تا قامی قیامەت هەنسکیدا!
(3)
جەنگ نیشتمان پیردەکا
پێڵاوە نەخۆشەکانی ئیکمال دەکا بە دڕان
لاقی شەقامەکانی بە گڤەی زبڵدان...
(4)
پاشماوەی جەنگە،
نونی بێوەژنەکان و
ناڵەی دارشەق و
سەرئێشەی نیشتمان...
(5)
سەربازەکان،
بۆ خاک دەجەنگن،
بیریان چوو چاو دائەگرێ،
گۆڕستان
(6)
نیشتمان لە جەنگا
هەتیوخانە هەڵدەچنێ،
دارشەق دەفرۆشێ
دەبێتە بازاڕی مەدهۆشان...
ناوی نووسەر: #ڕۆژ هەڵەبجەیی# [1]