سەفەری ژیان
بە نەفەسێکی درێژەوە،
چارەنووسم خستە نێو دڵی،
جانتای سەفەرەوە.
بلیتێکی یەکسەرەی ژیان،
چاوەڕێم دەکا.
ناهێڵم وەک پووشی بەر_با،
بێ سەرو شوێن بکرێم.
بەبێ دەنگی،
دەنگی توندی با،
تووڕ دەدەم.
لەگەڵ کولانەوەی هەر برینێک،
چاوەکانم دەفڕن.
ئازایی دڵ و دەروون،
تین و تاوی دڵ دەخوڵقێنن.
چەندەها جار مەرگم بڕیوە،
لەسەر سەکۆی مان و نەمان.
دەستم لە دەستی با ناوە،
بە زەبری گێرەشێوێنی،
بە چەشنی بەفر،
شوێنی خۆم کردۆتەوە.
هەیڕۆ هەیڕۆ،
وردووخاش بووم.
ئەو کاتەی قەفی ئازار،
لە تەزی سەرما جیاناکەمەوە،
ئیرادەو زوڵم،
لە نێو تەرازووی یەکسانی،
ئیختیداری نامێنێ لەسەر پێ بووەستێ.
هەرچەندە مەرەکەبی زوڵم و زۆرداری،
خاسە ڕەنگەو کاڵ نابێتەوە،
بەڵام دیوارێک لە ئاو،
سنوورێک لە دار،
دەرگایەک لە هەڵم،
فەزایەک پڕ لە ئۆکسجین،
فەرمان دەکەن بە بێدەنگبوون.
هێرشێکی زۆر خەستەو بەڕێوەیە بۆ سەر باران.
کە نووسراوەکانم کوژاندەوە،
ڕۆحەکانیم لێ هەڵدێران.
ئەوەندەم هەبوو، لەویش بووم.
لەسەر شانۆی چۆمێکی وشک،
وشکە داوەتێکیان بەست.
زاڵ بووم بەسەر ئارەزووەکانی خۆم،
فریای خۆڕازاندنەوە نەکەوتم،
دەستم لە مردن بەرنەدا.
ئەو ساتەی لە فڕان فڕانی گەنم و جۆ گەیشتم،
بەدەست نەرمە باوە،
ڕۆحی خۆم دا بەر شنەبایەک بۆ دروینەوە.
سەفەری ژیان بەردەوامەو
کەوتنەڕێ بۆ سەفەر، مەرەخەسی دەوێ.
ڕێگام بدە با بڕۆم،
ئەگەر پەل نەهاوێم، دەپوونگێمەوە
هەر نەبێ با ببم بە ڕێنیشاندەرێک،
با بە تاڵە تیشکی ئیمڕۆ،
ئاوازی دواڕۆژ بژەنم.
ماڵمان لە گەڕەکی داهاتووە.
کە مەلەکردنی چۆلەکەم بینی،
هەر زوو زانیم،
سەرمایەکی توند بەڕێوەیە.
خۆرسک نیم هەموو ساڵێک بژیێمەوە،
بەڵام بێدەنگیم چۆتە ناو یەک و،
دڵ زەنگووڵە ڕادەوەشێنێ بۆ کاروانی ڕۆح.
کە وەختی کۆچە
منیش دەبێ ددانی زەمەن تیژ بکەمەوە،
لە ئەرزەوە تا بنمیچ،
مێژوو بسڕمەوە،
نرخی سروشت و رووناکی،
لەناو چاڵە بەفرێکدا بشارمەوە
پەڕەی رەنگی لاچووی سەر دیوارەکان،
بە هەناسەی پەپوولە بسپێرم.
گەر ڕێگاشم ون کرد،
واز لە خۆر نەهێنم،
وەستایانە بمباتەوە لانەی خۆم.
گەر شەوم بەسەر داهات،
مانگ بکەم بە بینایی چاوەکانم.
گەر پەردەی هەور مانگ دابپۆشێت لە سەرمان،
هانا ببەمە بەر شەقامی زستان لەناو کۆمەڵەی خۆر.
دوژمن لەبەر دەرگا وەستاوە،
داشی دۆمینە چاوەڕێم دەکات بیجووڵێنم،
گەردوون دەسووڕێتەوە،
جێخۆشکردن جەربەزەیی دەوێ.
وێنەی بەنداوی دڵ،
لەسەر دیوارەکان هەڵدەکۆڵم،
تەنهاو تەنها لەوێ دەمبیننەوە مێژووناسەکان.
بەبێ دیوار ئاوەکان ناتوانن شۆڕببنەوە.
کوا بۆ جۆلانەیەک مەستم بکات،
کوا بۆ پەنجەرەیەک،
لەگەڵ کردنەوەی،
سیە سەوزەکانم،
پڕ بکات،
لەبۆنی،
دار لیمۆ.
ناوی نووسەر: #نادیە کۆیی# [1]