ئەمڕۆ #19-09-2021# لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى، #فازڵ میرانى#، سکرتێرى مەکتەبى سیاسى #پارتی دیموکراتی کوردستان#، پێشوازیى لە زاهیر ڕەشید، سەرۆکى لیژنەى پارئولمپیى کوردستان و شاندى یاوەرى کرد کە پێک هاتبوو لە #کۆڤان حەسەن#، یاریزانى خاوەن پێداویستیی تایبەت و هەڵگرى میدالیاى زێڕ لە ئۆلمپیاى 2016 لە ''ڕیودۆجانیرۆ'' و ڕەعد، مامۆستاى ڕاهێنەر.
سکرتێرى مەکتەبى سیاسى زۆر بەگەرمى بەخێرهاتنی لە میوانەکان کرد و دەست خۆشیى لە قارەمان و پاڵەوانى وەرزشى، کۆڤان حەسەن کرد بە بۆنەى سەرکەوتنەکانى و بەدەستهێنانى مەدالیاى زێڕ کە جێگاى شانازییە بۆ ئێمەى کورد، خاوەن پێداویستییەکى تایبەت بتوانێت ئەم سەرکەوتن و دەستکەوتانە بەدەست بێنێت.''
دواتر میرانى باسی لە گرنگیى وەرزش و ڕۆڵى وەرزش لە ناساندنى گەلان بە یەکترى کرد و وتی، پاڵەوانانی وەرزشی، ناو و #ئاڵای کوردستان# لە جیهاندا بەرز دەکەنەوە و گرنگە پاڵپشتیى زیاتر بکرێن بۆ داهاتوو.
سەرۆکى لێژنەى پارئۆلمپیی کوردستانیش سوپاسى سکرتێری مەکتەبى سیاسیى کرد بۆ ئەم پێشوازى و ڕێزلێنانەى کە لێیان کراوە و کوورتەیەک باسی لە کار و چالاکییەکانى لێژنەى پارئۆلمپیى کوردستان کرد و ئاماژەى بە کێشە و گرفتەکانیان دا، بەتایبەتى لە دواى سەرهەڵدانى کۆرۆنا. [1]