ناونیشانی پەرتووک: ئۆقیانووسیا بەتامی هەڵبەست
ناوی نووسەر: #پێشەوا کاکەیی#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: #دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان#
ساڵی چاپ: 2022
ژمارەی چاپ: یەکەم
ئەم بەرهەمە: دووەم ئەزموونی هەڵبەستی منە کە لە (ڕۆمانەهەڵبەست-دەقی واڵا)دا خۆی دەبینێتەوە. پڕۆژەی شەشەمی کارنامەی (هەڵبەستەڕێ)مە کە لە ساڵی 2016ەوە کاری لەسەر دەکەم. ئەمەش دوای ئەوەی دێت کە پڕۆژەی پێنجەم (زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی هەڵبەست) وەک (ڕۆمانەهەڵبەست-دەقیواڵا) لە ساڵی 2021 نووسرا و لە ساڵی 2022 چاپ کرا. لەو پەرتووکەدا، پێشەکی و کوورتەیەکی تێدایە لەبارەی (ڕۆمانەهەڵبەست-دەقیواڵا) وەک ژانرێکی نوێی هەڵبەستی، کە ئەم ژانرە خۆم لێکم داوە و بەرهەمم هێناوەتەوە وەک ژانرێکی نوێی هەڵبەستی. بە واتایەکی تر، من خاوەنی ئەم ژانرەم لە مێژووی هەڵبەستدا. لەو پەرتووکەدا، سێ کاری جیاوازم خستووەتە ڕوو، کە ئەویش ئەوەیە لە دوای زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی هەڵبەست دیسانەوە وەک ڕۆمانەهەڵبەست-دەقیواڵا هاتووەتە بەرهەم. هەروەها یەکەمین جارە (ڕۆمانەهەڵبەست-دەقیواڵا) لەبارەی ئەم قاڕەوە دەنووسرێت بە هەڵبەست. هەروەها هەڵبەستی تێدا زاوەتەوە و بە هەڵبەست بەستراوەتەوە. هەروەها فەرهەنگۆکەکەیشی دیسانەوە هەڵبەستی تێدا زاوەتەوە و بەستراوەتەوە بە ناوەوە. ئەم پڕۆژە هەڵبەستییە، خەم و ئازار و حەیرانی کەسێکە کە دەیەوێت لەناو دوورگە و شەپۆلەکانی وڵاتانی ئۆقیانووسیادا، زمان و فکر و مێژوو و ڕەخنە و هێزی داگیرکەر و کۆمەڵەشتێک بگێڕێتەوە، خەمی کورد وەک بوون و هەبوو بەر باس بدات. کورد دەباتە ناو ئەو گەلانەی کە لەو قاڕەدا دەژین و گەلانیش ڕادەکێشێتە ناو خۆیەوە، لەوێوە هەم ڕەخنە لە خۆی و هەم لە جیهانیش دەگرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، کوردێکی گەڕیدە لەناو ئاو و دوورگەکاندا جیهانی ژینگە بەر باس دەدات. باس لە گرنگی زمان و شوناس و کولتوور و داهاتوو دەکات و دەیانخوێنێتەوە.
(پێشەوا کاکەیی)
ڕاناچڵەکێن، کێ؟ مرۆڤ ڕاناچڵەکێ!
ئەگەرچی هەریەکە لە جێی خۆیەوە،
[ڕا دەردەبڕێت و
ڕان دەخوات و
ڕانا، دنیای سەرمایەداری و
ناچڵە کارەکانی و
چڵ بە چڵی درەخت دەشکێنێت و دواییش دەڵێ
کێ بووە؟
دێتەوە ناو زمان و
بەستەزمان خۆی نیشان دەدات و دەڵێ
کێ ڕاناچڵەکێ؟ دیسانەوە دەڵێم مرۆڤ ڕاناچڵەکێ!]
بەڵێ ڕاناوەستێ،
بێ ڕا و ناو و ڕاناو و ئاو دانامرکێتەوە،
خۆی پێ دانایە و مرکەمرکی دێ و خەو دەیباتەوە.
کە لە خەو هەڵدەستێ، دەنواڕێ
ئاسمان ساوە و هەڵم لەسەر ئاوەکان هەڵدەستێ.
ببوورن ئەی دوورگە زگدڕاوەکان!
هێندەی ئاو بخۆنەوە هەڵمساون،
لەناو زەریادا قەتیس ماون!
مرۆڤ فێر بووە بە دەستبەسەر یەکتردا شکاندنەوە
دەست دەکات بە پۆز،
دەستبەسەر دەبێت بەهۆی تاوانەکانی،
بەسەر یەکتریدا دەڕشێنەوە،
یەکتر دەشکێننەوە،
داش دەدەنە یەکتری و
داشکاندن بۆ خۆیان دەکەن کە ئیتر
شکاون و هەڵناستنەوە. [1]