ئەمڕۆ چوارشەممە، #07-02-2024#، #مەسرور بارزانی#، سەرۆکى #حکومەتی هەرێمى کوردستان#، پێشوازى لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریى تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکە دا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی ئێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیى دوولایەنە کرا. جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش لەپێناو ئاساییش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و ئێراق و ناوچەکە کرا.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: وەزیری بەرگری تورکیا، پرسە و هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی قوربانییانی هێرشەکەی #هەولێر# دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
مەسروور بارزانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش و بەرژەوەندیى هاوبەش دووپات کردەوە. وتیشی، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئاساییش و سەقامگیری دەبێت و ڕێگەش نادات ببێتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانمان.
گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی #شەنگال# و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. [1]