هێمن عەساف
لێکۆڵینڤانێکی ڕێکخراوی هیومن ڕایتس وۆچ دەڵێت: بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر #ڕۆژاوای کوردستان# ژێرخانی وێستگەکانی ئاو، کارەبا، نەوت، کشتوکاڵ و تەندرووستی دەکەنە ئامانج و کاریگەریی خراپ و درێژخایەنیان دەبێت.
هیبە زیادین، لێکۆڵینڤانی ڕێکخراوی هیومن ڕایتس وۆچ میووانی بوولتەنی کاژێر 19:00ی تایبەت بە ڕۆژاوای کوردستان و سووریای تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو و باسی لە کاریگەرییەکانی بۆردوومانکردنی ڕۆژاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەلایەن تورکیاوە کرد.
هیبە زیادین بە ڕووداوی گوت، ناوچەی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی زۆر گەورە و فراوان بووەتەوە لە کەمبوونەوەی سووتەمەنی و کارەبا و ئەوەش بەهۆی بۆردوومانە بەرنامە بۆ داڕێژراو و بەردەوامەکانی سوپای تورکیاوە ڕوودەدات کە لە ئۆکتۆبەری پارەوە ئەنجام دەدرێت.
وتیشی، ئەوەی دەیبینین، لەنێوبردنی ژێرخانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە. ئەوەی ڕوودەدات کاریگەریی خراپ و درێژخایەنی دەبێت؛ باس لەژێرخانی وێستگەکانی ئاو، کارەبا و نەوت دەکەین. لە ئەگەری بەردەوامبوونیشی، تەواوی ژێرخانەکانی وێران دەبن کە ئەوەش مەترسی دەخاتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس کە لەو ناوچەیەدا دەژین، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەستیان بە ئاو و کارەبای پێویست ناگات. ئەمە جگە لە لێکەوتە خراپەکانی تەندرووستی.
لێکۆڵینڤانەکەی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاشیگەیاند، ئەو کەرتانەی زیانی زۆریان بەرکەوتووە بریتین لە وێستگە و دامەزراوەکانی ئاو، کارەبا و نەوت و تاکە وێستگەی گازی شل کە گازی ماڵان دابین دەکات. ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بێبەش بن لە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتیی ئاو، کارەبا و سووتەمەنی بۆ خۆ گەرمکردنەوە. ئەمە لێکەوتە نەرێنییەکانیشی بۆ خەڵکی خێوەتگەکانیش دەبێت.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چەند کەس بێ ئاو یان بێ کارەبا ماونەتەوە؟ هیبە زیادین ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئاماری ئەو ڕێکخراوانەی بە شێوەیەکی مەیدانی لەوێ کار دەکەن، نزیکەی 4.3 ملیۆن کەس لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا زیانیان بەرکەوتووە؛ وتیشی، ئەگەر باس لە حەسەکە بکەین، چەندین ساڵە ئەو شارە بەهۆی داگیرکاری تورکیاوە کێشەی کەمی ئاوی هەیە. ناوچەی عەلوک کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە، لەوێ وێستگەی ئاو هەیە و ئاو بۆ حەسەکە دابین دەکات. ئێستا ئەو وێستگەیە لەکار کەوتووە و چەندین ساڵە زیاتر لە ملیۆنێک دانیشتووانی ئەم شارە بێبەشبوون لە ئاو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بۆ ڕووداو، ئەو لێکۆڵینڤانە وتی، هەر جۆرە هێرشێک زیان بە خەڵکی سڤیل و خزمەتگوزارییە دابینکراوەکان بە خەڵکی سڤیل بگەیێنێت، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە پێشێلکاری هەژمار دەکرێت. هەروەها ئەگەر بەئامانجکردنەکە بە ئەنقەست بێت، ئەوە دەچێتە بواری تاوانی جەنگ؛ بۆیە پێویست بەوە دەکات لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە بکرێت، چونکە ئەوە زیان بە نەخۆشخانە، نانەواخانە و کشتوکاڵ دەگەیێنێت و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاساییشی خۆراک.
بە درێژای چەند ساڵی ڕابردوو، تورکیا بەردەوام بووە لە هێرشی ناوبەناو بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان، وەک خۆی بانگەشە دەکات، بە ئەمانجی ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بکاتە ئامانج کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ هەینی لە ڕاپۆرتێکدا وتی، لە کاتێکدا قەیرانەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد دەبن، پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی مرۆیی لەسەر خەڵکی سڤیل.
ڕێکخراوەکە داوا لە تورکیا دەکات دەستبەجێ واز لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی سڤیلی گرنگ بهێنێت، ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لە پێشێلکارییە گەورەکان.
پێویستە هەموو وڵاتان هەڵوەستە لەسەر دۆخی نالەباری دانیشتووانی ناوچەکە بکەن، ئەمە وەک ڕێکخراوەکە دەڵێت.[1]