سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە ئێراق، ڕۆڵى هێزەکانى هاوپەیمانان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە #14-02-2024# #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە #هەولێر# لەگەڵ دەیڤد بێرگەر هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێراق و هەرێمی کوردستان، کێشەکانی هەولێر-#بەغدا# و گفتوگۆی چارەسەرکردنیان، ڕۆڵ و پێگەی ئێراق لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەئامانج گرتنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێراق و دۆخی هەرێمی کوردستان، تاوتوێ کران.
هەردوولا دەربارەی دۆخی ئەمنی لە ئێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ئێراق و ناوچەکە کردەوە، هەروەها چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەشیان، باس کرد. [1]