پەرتووکی«بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» بەرهەمی کاوان محەمەدپوور بڵاوکرایەوە
(خرداد 3، 1402) (#24-05-2023#)
دکتۆر محەمەد ڕەحیم ئەحمەدی
ناسنامەی پەرتووک: «بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» کاوان محەمەدپوور ، بەرهەمی توێژینگەی کوردستان ناسی، پەخشانگە: زانکۆی کوردستان، #سنە# 1402.
پەرتووکی «بووتیقای گێڕانەوە» لە چەندین بەش پێکهاتووه. هێندێک چەمکی بنەڕەتیی گێڕانەوە و ڕۆمان وەک کەسایەتی، ڕوانگە (ناوەندی کردن)، پێکهاته، وەگێڕ و زەمەن (کات) تێیدا خراونەتە بەر باس. نووسەر هەوڵی داوە لە زۆر شوێن دا، لە لێکدانەوەی بیردۆزانەی چەمکەکان تێپەڕێ و لەسەر هێندێک دەقی کوردی تاقییان بکاتەوه. بەشی کۆتایی پەرتووکەکە تەرخان کراوە بە مێتافیکشن و ڕۆمانی پۆست مۆدێرن.
یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ئەم پەرتووکە ڕوانینی ڕەخنەگرانەی نووسەرە بۆ چەمکەکان و هەروەها واتا و هاوتای ئەم چەمکانە لە زمانی کوردیدا. گەنگەشەکردن و باس و خواس لەسەر ئەم چەمکانە و دڕدۆنگی دەربڕین شتێکی ئاساییه، چوون کاتێک زانستێک یان بوارێکی زانستیی نوێ دەچێتە وڵاتێک، تێرمینۆلۆژی و زاراوەگەلی تایبەت بە خۆی دەگەڵه. لە ڕاستیدا سەقامگیر بوون و وەرگێڕانیان دەگەڕیتەوە سەر بەکارهێنان و خستنە بەر باسی ئەو کەرەستە و چەمکانە لەلایەن پسپۆڕانی ئەو بوارەوە.
«وەگێڕ» و «کەسایەتی» وەک دوو سەرچاوەی بنەڕەتیی گێڕانەوە کار دەکەنە هەموو ئاستەکانی «دەنگ» (کێ دەیگێڕێتەوه) و «ڕوانگه» (چۆن و چەندە دەگێڕدرێتەوه). «ناوەندیکردن» (Focalisation/Focalization) زاراوەیەکە وا “ژێرار ژۆنێت” بەکاری دێنێت بۆ باس کردن لە گەیاندنی زانیاری (وەک: هەواڵێک، هەستێک و… هتد) بە خوێنەر لەلایەن وەرگێڕ یان کەسایەتییەوه. نووسەری «بووتیقای گێڕانەوە»، لەسەر ئەم دوو تەوەرە بە تەسەلی و وردبینانە دواوە و سنوورەکانی دەسەڵات و دەستێوەردانی هەر دووکیانی دیاری کردوون، هەر چەند بە بڕوای من، لێک جیاکردنەوەی دەنگ و ڕوانگە زۆر جار کارێکی چەتوون و بگرە ناموومکینه.
پەرتووکی «بووتیقای گێڕانەوە» هەڵگری هەموو ئەو چەمکانەیە کە بۆ لێکدانەوەی گێڕانەوە بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتیی پێویستن. نووسەر جگە لەوەی کەرەستەی شیکردنەوە دەخاتە بەر دەستی خوێنەر، هەوڵ دەدا کاریگەریی ئەم کەرەستانە لە باری کرداریییەوە، لەسەر هێندێک دەقی گێڕانەوەیی نیشان بدا (ئەمە یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی ئەو پەرتووکەیە و لەژێر ناوی دووەم دا «گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» ئاماژەی پێ کراوە). لە ڕاستیدا دۆزینەوەی کەرەستە یان کەرەستەگەلی لێکدانەوەی ڕۆمانی کوردی، کە هەم تایبەتمەندییە گشتییەکانی ژانری ڕۆمان و هەمیش جیاوازییەکانی ڕۆمانەکان دەگەڵ یەک لەبەر چاو بگرێت، دەبێت مەبەستی هەر بیردۆزێکی گێڕانەوە لەمەڕ ڕۆمان و چیرۆکی کوردی بێت.
خۆماڵی کردنەوەی بووتیقای گێڕانەوە و بەکارهێنانی لە هەڵسەنگاندنی بەشە پێکهێنەرەکانی ڕۆمانی کوردیدا یەکێکیتر لە ئامانجەکانی نووسەرە. نووسەر بە لێهاتوویی زاراوەکان بەکار دێنێ و لە زۆربەی سەرچاوە گرینگەکانی بووتیقا و گێڕانەوەناسی، بە باشی کەڵکی گرتووە.
ڕەخنەی ئەدەبی لە پڕۆسەی گەشەکردنی وێژە لە هەر وڵاتێک دا دەورێکی کارای هەبووە و هەیە و بۆ جیهانی بوونی ڕۆمانی کوردی، دەبێت گێڕانەوەناسیی چیرۆک بەگشتی و ڕۆمانی کوردی بەتایبەتیی بەشێوەیەکی زانستی پەرەی پێبدرێ. کاری ڕەخنەگر، ڕەخنەگرتن، بە مانای هێرش کردن و سەرکۆنەکردن و نواندنەوەی خاڵە لاوازەکان یان بەپێچەوانەوە پێ هەڵوتن نییه، بەڵکوو بریتییە له: وەسفی ئاسەواری ئەدەبی، هەڵسەنگاندنی بەپێی تیۆریی بووتیقایی و جوانیناسانەی باوەڕپێکراو و سەلمێنراوە. لە کۆتاییدا، ڕەخنەگر بە پشتبەستن بە بەڵگەکان و نموونەکان دەتوانێت ڕای خۆی دەرببڕێ. ڕەخنەگر بەو پێیه، هاوڕێی نووسەرە نەک نەیار و دژ بە ئەو، هەروەها ڕەخنەگر بەشداری دەکات لە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی بەرهەمەکە دا.
«بووتیقای گێڕانەوە»، پەرتووکێکی بەنرخ و بەکەڵکە و ئامێری کارا ئاڕاستەی خوێنەر دەکات بۆ باشتر فام کردنی پێکهاتەی ڕۆمان و بەشە جیاوازەکانی. هەروەها کەرەستەکانی لێکدانەوە و شیکردنەوەی ڕۆمان و گێڕانەوە دەداتە دەست ڕەخنەگر. نووسەری ئەم پەرتووکه، بەڕێز کاک «کاوان_محەمەدپوور»، هەنگاوێکی زۆر زانستی و قایمی ناوەتە ناو ئەم چوارچێوەیەوە، هەوڵێکی وەها بەنرخ، جێگەی پێزانین و سوپاسه.
پێڕستی ئەم پەرتووکە بریتییە لە:
پێش وتار
پێشەکی
دەسپێک
1-پێکهاتەی گێڕانەوە؛ وەگێڕ و ئاستەکانی گێڕانەوە.
2-زەمەن؛ زەمەنی گێڕانەوەیی لە ڕۆمانی «سروودێک بۆ ئیبراهیم» دا.
3-کەسایەتی؛ داڕشتنی کەسایەتی لە ڕۆمانی «گۆمی بەردەلانکێ » دا.
4-ناوەندیکردن؛ شێوەڕوانینەکان لە ڕۆمانی «گوڵی شۆڕان» دا.
5-نواندنەوەی وتارەکان؛ شێوەگێڕانەوەی ڕۆمانی «تۆقی عەزازیل».
6-مێتافیکشن؛ سنوورەکانی پۆست مۆدێرن لە ڕۆمانی «باڵندەکانی دەم با»دا.
دوایین وتە [1]
kurdishbookhouse.com