لە درێژەى بەرنامەکەیدا لە کۆنفرانسى ئاساییشى میونشن لە ئەڵمانیا، ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى #16-02-2024# #نێچیرڤان بارزانى# سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ خاتوو سیمتجى موولەر وەزیرى دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ کاروبارى بەرگرى، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى تاوتوێکردنى دۆخى ئەمنیى ئێراق و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە، هەردوولا باسیان لە ڕۆڵ و بەشداریى هێزەکانى ئەڵمانیا لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى #داعش#دا کرد و تیشکیان خستە سەر هاوکارى و پشتگیریى ئەڵمانیا لە ئێراق و هەرێمى کوردستان.
لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ ئەڵمانیا دووپات کردەوە بۆ بەردەوامیى ئەرکى هێزەکانى لە ئێراق و هەرێمى کوردستان و ستایشى هێزەکانى ئەڵمانیاى کرد بۆ یارمەتیدان و پشتیوانى لە پێشمەرگە و پڕۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگەى #حکومەتى هەرێمى کوردستان# بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها دوایین پێشهاتەکانى شەڕ لە غەززە و کاریگەرى و لێکەوتەکانیان، خرانە بەر باس. [1]