ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى #16-02-2024# #نێچیرڤان بارزانى# سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەر لە چوارچێوەى بەشداریکردنیدا لە کارەکانى کۆنفرانسى ئاساییشى میونشن، لەگەڵ ئەلکسەندەر شالنبێرگ وەزیرى دەرەوەى نەمسا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی نەمسا بە فەرمی سەرۆکی هەرێمی بانگهێشت کرد بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی.
لە کۆبوونەوەکەدا تێڕوانینى خۆیان دەربارەى مەترسییەکانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پێشهاتەکانى شەڕ لە غەززە و هەڕەشەى دۆخەکە بەسەر ئاساییش و سەقامگیریى جیهان و کاریگەریى خراپیان بەسەر هەموو بوارەکانى ژیانەوە، خستەڕوو.
هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت ڕێگرى بکرێت لە تەشەنەسەندنى زیاترى دۆخەکە و بۆ ئەم مەبەستە هاریکاریى هاوبەشى هەمەلایەنە هەبێت.
هەردوولا داکۆکییان لە خواستى دوولایەنە کردەوە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى نەمسا لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا و وەزیرى دەرەوەى نەمسا دووپاتى کردەوە کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت، هەر لەمبارەیەوە بەڕێزیان بە فەرمى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بانگهێشت کرد بۆ سەردانێکى نەمسا.
لاى خۆیەوە سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش سوپاس و پێزانینى بۆ پەیوەندیى لە مێژینەى دۆستانە و پشتگیرى و هاوکارییەکانى نەمسا بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى و هیواى خواست ئاستى پەیوەندییەکانیان لە هەموو بوارەکاندا فراوانتر ببێت. [1]