سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ شاندێکى سێناتى ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیى سیناتۆر دۆن سولیڤان، لەبارەى پەیوەندییەکانى ئەمەریکاوە لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان کرد و تیشکیان خستە سەر دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانى ئێراق.
ئەمڕۆ هەینی #16-02-2024# لە پەراوێزی کۆنفرانسى ئاساییشى میونشن لە ئەڵمانیا #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ شاندێکى سێناتى ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیى سیناتۆر دۆن سولیڤان، کۆبوونەوە.
هاوکات لەبارەی پەیوەندییەکانى ئەمەریکاوە لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان کرد و تیشکیان خستە سەر دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانى ئێراق.
هەردوولا داکۆکییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و ئێراق لە چوارچێوەى ڕێککەوتنى ستراتیژیى نێوانیاندا کردەوە و باسیان لە بەئامانج گرتنى هێزەکانى هاوپەیمانان لە ئێراق و کاردانەوە ئەمنى و سەربازییەکانى کرد.
نێچیرڤان بارزانى و شاندى سێناتى ئەمەریکا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى پێویستە ئاساییش و سەلامەتیى هێزەکانى هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە ئێراق پارێزراو بن و ڕێگە نەدرێت گرووپە چەکدارەکان ئارامى و سەقامگیریى ئێراق و سەروەریى وڵات بخەنە مەترسییەوە.
شاندەکە بەردەوامیى پشتگیریى ئەمەریکاى بۆ ئێراق و هەرێمى کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و مەترسییەکانى #داعش# و هەڕەشە ئەمنییەکان دووپات کردەوە و پەیوەندییەکانى وڵاتەکەیان لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا. لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیریى کۆنگرێس و سێناتى ئەمەریکا لە ئێراق و هەرێمى کوردستان دەربڕى. [1]