ناونیشانی بابەت: لە شکاندنی بایکۆت ئەوەی دەدۆڕێت دەسەڵاتە
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
(هەر خەسارێک کە خۆت بەدەستت هێنا، پێی مەڵێ زەرەر- ویلیام شکسپیر)
ئەوەی بۆتە مایەی نیگەرانی هەمووان، خەمساردی و عینادی و بێباکی و بێخەمی دەسەڵاتی بەناو خۆماڵی کوردییە لەمەڕ ویست و داواکانی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بە گشتی و توێژی مامۆستایان بەتایبەتی، ئەمساڵی خوێندنی 2023-2024 بەهۆی بێبەشکردنی مامۆستایان لە مافەکانیان و پێنەدانی موچەکانیان، هەڵوێستیان وەرگرت و بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیانکرد.
کە تا نوسینی ئەم وتارە پێنچ مانگ کاتی پرۆسەکە تێپەڕیوە، جگە لە چەند بەڵێنێکی زارەکی مەرجدار، هیچ بە مامۆستایان نەوتراوە وهیچیشیان بۆ نەکراوە.
لەسەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان ئەوەی بەدیکرا ختوکەدانی لایەنێکی سیاسی دەسەڵات بوو، کە ئەو دۆخەی وەک کارتی فشار لەسەر لایەنەکەیتر بەکارهێنا، چاوپۆشی لە سزادان و فشارەکان کرد بۆسەر مامۆستایان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت مامۆستایان بە پێی ئەجێندای ئەو لایەنە مامەڵایان کردبێت، بەڵکو ئەو حیزبە سیاسیە وەک کارتی فشار توێژەکەی بەکارهێناوە، تاقە شتێک کەکردبێتی چاوپۆشین بووە لە سزادان، بەڵام بە ڕوونی و بەدیار چاوی هەمووانەوە بینیمان کە ئەو لایەنە بەڕیکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ لایەنەکەی تری دەسەڵات، چۆن وازی لە بێدەنگی هێنا و دەستیکرد بە فشارکردن بۆ سەر مامۆستایان و لێپرسینەوە و فشارکردن و سزادان تا گەیشتن بە هەژمارکردنی نەهاتن و لابردن و گواستنەوە، ئەمانەش هەموویان ئەچنە چوارچیوەی بەدەر لەیاسا لەکاتێکدا لایەنی بەرپرس هەڵنەستێت بە ئەرکی خۆی بە دابینکردنی مافە یاساییەکان کە پێدانی مووچە و ڕێزگرتن لە شکۆ و کەسێتی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگە.
لە ئێستادا ڕاستە زۆربەی قوتابخانە وخوێندنگەکان کراونەتەوە بە تایبەت ناو شاری سلێمانی، من وایدەبینم کە ڕاستە فشارەکان کاریگەریان هەیە بەڵام هەستکردنی مامۆستایان بە بەرپرسیارێتی گەورەترو پڕ بایەختر بووە، بەوەی دەسەڵات مەبەستێتی کۆمەڵگە گەشە نەکات و وەک خۆی ئەیەوێ وابێت، چونکە پێودانگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە دەسەڵات هیچ بەتەنگ هۆشیاری کۆمەڵایەتیەوە نیە و خوێندن و خوێندەواری لای جێی بایەخ پێدان نیە.
هەندی کەس پێیان وایە وەڵامنەدانەوەی حکومەت بۆ مامۆستایان و گەڕانەوە بۆ دەوام هێمای شکستی ناڕەزایەتی و بایکۆتە، کە لای من پیچەوانەکەی ڕاستە، تەنها شکستی دەسەڵات و حکومەتە، چونکە ناکرێ ونابێ حکومەت لە ڕۆڵەکانی خۆی بێخەمبێت، ڕاستە ئامانجەکان نەهاتنەدی بەڵام دەکرێ سوود لە هەڵەکان ببینرێت و پێی بەهێز بن، بەوانە دەڵێم کە لایان شکستە، وەکو(تۆماس نیومان) بیربکەنەوە کە دەڵێ: (شکست بەهێزت دەکات).
هەرچەندە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و دەستەی داکۆکیکار لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان، هەرچیان پێکرا کردیان و جێی دەستخۆشیە، بەڵام هیچ کارێکیش بێکەموکوڕی نابێت.
وەک خۆم لەگەڵ بەشێکیان دانیشتوم و سەرنج و بۆچوونی خۆم لەسەڕ کێشە وگرفت وهەنگاوەکان لە گەڵیان ئاڵوگۆڕ کردووە، بەڵام هەستم بە هیچ ڕەنگدانەوەیەک نەکرد، بۆیە گەیشتم بەو بڕوایەی نایانەوێ گوێ لەکەسیتر بگرن جگە لە خۆیان.
(ڕودیارد کیپلینگ)دەڵێ:(هەرکەسێک بیەوێت سەرکەوتوو بێت، دەبێت بوێر بێت و زۆر لە شکست و دۆڕان نەترسێت).
لە بەرنامەکانی تیڤی کە چاوپێکەوتنم لەگەڵ کراوە، بەڕاشکاوی ڕەخنەم لە شێوازی بایکۆتکردن بەو شیوازە گرت، کە دەبوو سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگیرێت، ناکرێ لەهەنگاوی یەکەمدا کۆی پرۆسەکە ڕابگیرێت، دەکرا هەنگاو بەهانگاو فشار بکرێتە سەر دەسەڵات، لەو کاتەدا چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەش هاوکار و پشتیوانی ناڕەزایەتیەکان دەبوون و حکومەت ناچار دەبوو مل بۆ داواکاریەکانی مامۆستایان بدات.
(عەمر وەلجوندی)دەڵێ: (سودبینین بە مانای سەرکەوتن نییە، هەروەها دۆڕانیش بە مانای شکست نییە).
ئەوەی بۆ هەمووان ڕوونە و بەرچاوە، ئەوەیە تا حوکمڕانی بەم جۆرە کارەکانی ڕایی بکات و منەتی بە کەس نەبێت، دڵنیام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بایکۆت بەردەوام دەبێت لەساڵانی داهاتوودا، ناکرێ دەستە گروپیک بەهەر مەبەستێک بێت ئەوەندە لە خۆیان ڕازیبن، ڕێ بەکەسیتر نەدەن بۆچوونی جیاوازی لەوان هەبێت، پێموایە ئەوەش زیان بە کایەی ناڕەزایەتی و کۆی کۆمەڵگەش دەگەیەنێ، لەبەر ئەوەیە کەسێکی بە ئەزموون و خاوەن بیرڕوونی وەک (برایان تریسی) دەڵێت(خراپترین بیروباوەڕی سنووردارکردنی خود، ترسە لە شکست، ترس لە لەدەستدان، هەژاری، هەڵە، یان نەگەیشتن بەو ئامانجەی کە بۆ خۆتت داناوە).
با دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیش دڵی بەوە خٶشنەکات کە توانای شکستهێنانی ناڕەزایەتیەکانی هەیە و خۆی بە پاڵەوانی بەڕیوەچوونی کۆمەڵگە و گرفتەکان بزانێت، ئەمەوێ بۆ ئەم بۆچوونەم وتەیەکی (وارسان شایر) بکەمە کۆتایی وتارەکەم کە دەڵێت: (ئێمە بە پێکەنین ئازاری لەدەستدان دەشارینەوە). [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=